دادگایەكی توركی بەپاساوی "ئازادی بیروڕا" داعشێك ئازاددەكات

جیهان

10/06/2019‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگایەكی توركی توندڕەووێكی ئازاد، كرد كە دووجار بە تۆمەتی "داعش بوون" تۆمەتبار كراوە، بەو پاساوەی ئەوەی ئەو توندڕەوە ئەنجامیداوە لە بانگەوازیكردن بۆ داعشی توندڕەوو دەچێتە خانەی " بیروڕای ئازادەوە".

سەنتەری "نۆردیك مۆنیتەر"  بۆ "سێرەگرتن لە توندڕەووی و تاوان"  ووتی كە دادگایەكی توركی "كۆشكون دیمیر" ی تەمەن 27 ساڵی ئازاد كردووە كە دانیشتووی ئەرزەڕۆمی ڕۆژهەڵاتی توركیایە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ دووەمجار تۆمەتی داعشبوونی دراوەتەپاڵ.

سەنتەرەكە لە چەند بەڵگەنامەیەكی فەرمییەوە ڕایگەیاندووە كە دیمیر بەشێك بووە لە شانەیەكی توندڕەوو، یارمەتی زۆر توركی داوە بچنە ڕیزەكانی داعش و قاعیدە و گروپە توندڕەووەكانی عێراق و سوریا.

دیمیر كە بە نازناوی "ئەبو حەنزەڵە" ناسراوە، هێشتا لە ژێر دەستی دادگادایە تا ئەو كاتەی بڕیاری كۆتایی بۆ دەردەچێت. لێكۆڵەرەوان بۆشیان دەركەوت كە دیمیر پەیوەندی بە توندڕەووێكی دیكەی توركەوە هەبوو بە ناوی "ئەبوبەكر" كە دەسەڵاتدارانی تورك دەڵێن ئەو "ئەبوبەكر"ە سەرە تەگبیرسازەكەی ئەنجامدانی چەند هێرشێكی تیرۆرستی ناو توركیا بووە.

بەڵگەكان ئەوەشیان دەرخستووە كە دیمیر لەگەڵ كەسێكی دیكەی توركی توندڕەوو بە ناوی "محەمەد سیلیڤ" لە پەیوەندیدا بووە كە تۆمەتی داعش بوونی لەسەرە و لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە داواكراوە.

دیمیر لە 30 مایۆی 2018  و لە گەواهیدانی لە بەردەم دادگادا، دانی بەوەداناوە كە لەسەر تۆرە كۆمەلایەتییەكان بانگەشەی بۆ داعش كردووە، بەرگریشی لە خۆی كردووە لەوەی كۆششی كردووە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە عەلمانییەكەی توركیا.

دەسەڵاتدارانی توركیا لە نۆڤەمبەری 2017 "دیمیر" یان دەستگیر كردووە، ئەمەش بە هۆی چالاكییەكانی لە ڕیزەكانی داعشدا، لە 21 دیسەمبەری 2017 تۆمەتی داعشبوونی ئاراستەكراوە، بەڵام دواتر ئازاد كراوە.

لە مایۆی 2018 ، بە هەمان تۆمەتی پێشوو، جارێكی دیكە دەستگیركرایەوە، لە 13 ی یۆلیۆی 2018،  لیستێك تۆمەتی دیكەیان دایەپاڵ، پۆلیس لە كاتی پشكنینی ماڵەكەیدا چەندەها پەرتووكی توندڕەووی دۆزینەوە.

لەو دادگاییكردنەی كە لە 22 نۆڤەمبەری 2018  كۆتاییهات، "موستەفا سافاش" ی داواكاری گشتی كە تازە دەستبەكار بووە و جێگەی داواكارەكەی پێش خۆی گرتەوە كە لەناكاو  لە پۆستەكەی لایان بردووە، داوای لە دادگا كرد دیمیر لە هەموو تۆمەتەكان پاك بكاتەوە.

لەم دوایەشدا، لیژنەیەكی دادوەری لە دادگای تاوانكاری باڵای چواری ئەرزەڕۆم كە پێكهاتبوو لە دادوەرانی وەك (یاكۆب تاسلیوفا و مستەفا ئەكان و محەمەد عەلی كەبیر) ،  بە كۆدەنگی بڕیاریان لەسەر ئازادكردنیدا" ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە دیمیر خاوەن مافە لە پیادەكردنی مافی  ئازادی ڕادەربڕین.

لە ڕاستیدا ئەم فرمانەی دادگا دژیەكییەكی زەقی  تۆمارەكانی حكومەتی توركیایە كە نزیكەی 200 ڕۆژنامەنووسی بەندكردوون، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنەیان لە حكومەت و سیاسەتەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك گرتووە.

لە ئاكامی هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی یۆلیۆی 2016، هەڵمەتێكی سەركوتكاری كە پێشتر مانندی نەبووە، لە لایەن حكومەتەكەی ئەردۆغانەوە دەستیپێكرد و بووە هۆی بەندكردنی زۆرێك لە ئەكادیمی و داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ و پارێزەران و مامۆستایان و پزیشكان و هی دیكەش.

سەرچاوە: SKY NEWS
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر