ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە.. سعودییە كۆبوونەوە لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا پشتراستدەكاتەوە

کوردستان

16/06/2019‌ 2038 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە میدیاییە سعودییەكان ئەوەیان پشتڕاست كردەوە، كە دەوترێت ڕۆژی هەینی "سامر سوهبان" ی وەزیری دەوڵەتی سعودی بۆ كاروباری كەنداو سەردانی دێرزوری كردووە، لەوێ لە "كێڵگەی عەمری نەوتی" و بە ئامادەبوونی "جویل ڕایبۆن" ی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و "ویلیام ڕۆباك" ی باڵوێزی ئەمریكا، لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سوریای دیموكرات‌و سەرۆك هۆز و ڕیشسپییان و ئەنجوومەنەكانی دێرزور كۆبووەتەوە.

ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە بن دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دایە، كە زۆرینەی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كوردین، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكی و فەڕەنسییەكانیش لەو ناوچەیە بڵاوبوونەوە.

لە سایەی كێبڕكێی هەرێمی  و نێودەوڵەتی بۆ بۆ ڕاكێشانی سۆزی هۆزە عەرەبییەكانی ڕۆژهەڵاتی فوڕاتی سوریا، ئەمریكا و دەوڵەتانی كەنداو لە كۆششی ئەوەدان ناكۆكییەكانی نێوان عەرەب و كوردەكان چارەسەر بكەن كە هەر یەك لە توركیا و قەتەر ئاگرەكەی خۆش دەكەن، تاوەكو بەو پاساوە دەستتێوەردان لەو ناوچەیەدا بكەن كە لەبن دەستی كوردەكان دایە.

كۆبوونەوەكە تاوتوێی میكانیزمەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و نەگەرانەوەی، پشتیوانیكردن لە ئەنجومەنی مەدەنی پاریزگاكە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات كردووە. باسی پەرەپێدانی ئابووری ناوچەكەش كرا لە ڕێگەی پاڵپشتیكردنی پرۆژەكان و هەردوو كەرتی تەندروستی و فێركاری. سەرچاوەكان دەڵین كۆبوونەوەكە باسی پەرەسەندنەكانی ناوچەكەشی كردووە كە چۆن شانە نووستووەكانی داعش لەناوبەرن و ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریش بۆ ناوچە بگەڕێننەوە.

كەناڵی ئاسمانی "عەرەبییە" ی شانشینی سعودیەش ڕۆژی هەینی بڵاویانكردەوە، كۆبوونەوەكە لە ڕۆژهەڵاتی دێرزور ئەنجامداروە لە نێوان سەهبان و كەسایەتی ئەمریكی پایەبەرز و بەرپرسە كوردەكان و ڕیشسپیانی هۆزە عەرەبییەكان. شارەوانی "شعتیات"  لەسەر واڵی فەیس بوكەكەیان ڕایگەیاند كە ئەو كۆبوونەوەیە لە كێڵگەی عەمری نەوتی دێرزور ئەنجامدراوە. جگە لە سەهبان و ڕابیۆن و ڕوباك، هەردوو سەرۆكی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری (غەسان یوسف و لەیلا حەسن) تیایدا بەشدار بوون.

 بەیاننامەكە ئەوەشی دووپات كردەووە، كە كۆبوونەوەكە بەرفراوان بووە و زۆرێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبییەكانی دێرزوری لە خۆگرتووە، باس لە پشتیوانی ئابووری و خزمەتگوزاری و ئەمنی شارەكە كراوە. 

سەرچاوەكان دەڵَین، كە لە ساڵی 2017 سەبهان بە یاوەری برێت مەكگوڕك، سەردانی ناوچەی ڕەقەی كردووە لە باكووری سوریا و ئەندامانی ئەنجومەنە ناوخۆییەكان سەر بە یەكینەكانی پاراستنی گەلی كردووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ناوەرۆكی ئەو زانیارییانەی سەرەوەی پشت ڕاست كردووەتەوە، كە ئەو كۆبوونەوەیە بەو وردەكارییەی سەرەوە لە شاری دیرزور بەرێوەچووە و سەرۆك هۆز و ڕیشسپی و پیاوماقوڵانی دێرزور تیایدا بەشدرا بووە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر