شارپرێس: گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینتیریست"ی ئەمەریكی باس لەوە دەكات، سوپای ئێران خاوەنی ١٢ بۆ ١٤ فرۆكەی ئەمەریكییە، تائێستا لە خزمەتدا مابن ، كە ئەوانیش فرۆكەی جۆری "ئیف ١٤ ئەی" و "ئێف ١٤ ئێم ئێس"ن. گۆڤارەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هێشتا سوپای ئێران ئەو هەواڵەی پشتراست نەكردووەتەوە، كە هەندێك دەزگای راگەیاندنی عەرەبی لە ئەوانیش لە گۆڤارێكی هۆڵەندییان وەرگرتووە و باس لەتێكشكاندنی فرۆكەیەكی ئێرانی دەكەن . گۆڤاری "سكرامبڵ"ی هۆڵەندی باسی لەوە كردووە، كە فرۆكەیەكی ئێرانی لە جۆری "ئیف -١٤ تۆم كات" لەكاتی هەوڵدانی بۆ نیشتنەوە لەبنكە ئاسمانییەكانی ئەسفەهان تێكشكاوە . بەقسەی گۆڤارەكە دوو فرۆكەوانەكە توانیویانە پێش تێكشكانی فرۆكەكە لەڕێگای پەرەشووتەوە خۆیان دەرباز بكەن . ئێران گرفتی نۆژەنكردنەوە و دەستكەوتنی پارچەی یەدەگی ئەو فرۆكە ئەمەریكییانەی هەیە، كە پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئەمەریك كڕیویەتی ، بەڵام لەڕێگای دەستی ناوخۆییو دانانی ئامێری فرۆكەوانی نوێ توانیویەتی تاراددەیەك بەسەر ئەو گرفتانەدا زاڵ بێت . ئەو جۆرە فرۆكەیە لەساڵی ٢٠٠٦ وە لەناو سوپای ئەمەریكا دەرهێنراوە و كاری پێناكرێت ، بەڵام هێشتا هێزە ئاسمانییەكانی ئێران بەكاری دەهێنن . لەساڵی ٢٠٠٧ ، وڵاتە یەكگرتووەكان بەیەكجاری هەناردەكردنی پارچەی یەدەگی فرۆكەی "ئیف -١٤ تۆم كات"ی راگرت لەترسی ئەوەی ئەو پارچانە بەشێوەی ناراستەوخۆ بكەونە دەست ئێران . بەڵام لەساڵی ٢٠١٠ ئێران رایگەیاند، توانیویەتی رادارێك پێشبخات، كە دەتوانرێت لەسەر ئەو فرۆكە ئەمەریكییەكان بەكاربهێنرێت، كە سوپای ئێران بەكاریان دەهێنێت . ئێران ئەو فرۆكە ئەمەریكییانەی لەسەردەمی ڕیچارد نیكسۆن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا دەستكەوتووە ، بەگوێرەی گۆڤارەكە ئەو جۆرە فرۆكەیە كاتی خۆی یەكێك بووە لە ترسناكترین فرۆكە لەجیهاندا ، فرۆشتنی ئەو فرۆكەیە بە ئێران نیشانەی راددەی نزیكی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەوكاتەدا نیشان دەدات . گۆڤارە هۆڵەندییەكە ئەوەشی بڵاویكردووەتەوە، لەوكاتەدا تەنیا ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خاوەنی ئەو جۆرە فرۆكە پێشكەوتووە بوون . وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی