پێشكەوتنی باش لەگفتوگۆكانی نێوان هەرێم و عێراق بەدیهاتوون

عیراق

28/07/2019‌ 1054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمین بەكر، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران باس لەوە دەكات، كە ئەو دانوستاندنانەی لەنێوان حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی فالح فەیاز و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێوە دەچن پێشكەوتنی ئەرێنی و بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی هەردوولا نییەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانیان هەیە .

ئەمین بەكر لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلومە" دەڵێت: سەردانی شاندی حكومەتی بەغدا بەسەرۆكایەتی فالح فەیاز هەنگاوی ئەرێنی و گەورەی بڕیوە لەپێناو چارەسەركردنی ناكۆكییە بنەرەتییەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا.

ئەو جەختیش دەكاتەوە، كە سەردانەكە سەركەوتوو بووە و ئامانجەكەی خۆی بەدیهێناوە و هێڵە گشتییەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی دیاریكردووە، كە وردەكارییەكەشی بۆ لیژنە هاوبەشەكان بەجێهیشتووە تا رێكەوتننامەیەكی گشتگیر گەڵاڵە بكەن بەجۆرێك هەموو خاڵە ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی لەخۆگرتبێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا بەكر هەروەها دەڵێت: ئەو بەرەوپێشچوونەی لەدانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە گۆرێ بەهۆی بوونی نییەتی هەردوولایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات دانوستانەنەكان لەسەر ئاستی باڵا بەردەوام دەبن ، هەركاتێكیش لیژنەكان كاری خۆیان تەواو كرد ، ئەوە كۆبوونەوەی داهاتووش لە بەغدا دەكرێت.

هەفتەی رابردوو شاندێكی بەغدا هاتنە هەولێرو بڕیارە بەم نزیكانەش شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی لەبارەی كێشەكانی نێوانیان بگەن بەرێككەوتن، كە چەند ساڵێكە كێشە لەنێوان هەردوولا لەسەر چەند پرسێكی جیاواز هەیە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی