ئێران چاوەڕێ دەكات بەزوویی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئازاد بكرێت

جیهان

14/08/2019‌ 446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی ڕێكخراوی بەندەرەكان و كەشتیوانی ئێرانی رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت بەم نزیكانە ئەو كەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییەی مانگی رابردوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانیاوە بەپاساوی پیشێلكردنی سزا سەپێنراوەكانی سەر سوریا لەگەرووی جەبەل تاریق دەستی بەسەرداگیرا ئازاد بكرێت .

ئاژانسی فارسی ئێرانی لەسەر زاری یاریدەدەری ڕێكخراوی بەندەرەكان و كەشتیوانی ئێرانی گواستوویەتییەوە، بەم نزیكانە كەشتی نەوتگوێزەرەوەی "گریس ١ "، كە لە جەبەل تاریق دەستبەسەر كراوە ، لەئاوە نێودەوڵەتییەكاندا دەست بە كەشتیوانی دەكاتەوە .

لەسەرەتای مانگی تەمموز حكومەتی جەبەل تاریق رایگەیاندبوو، دەستیان بەسەر كەشتییەكی نەوتگوێزەرەوەدا گرتووە، كە گومانی ئەوەی لێدەكرێت نەوت بۆ سوریا بگوازێتەوە، ئەوەش پێشێلكردنی سزا سەپێنراوەكانی یەكێتی ئەوروپایە بۆسەر سوریا .

لەبەرانبەردا ئێران هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر بێتوو كەشتییە نەوتهەڵگرە ئیرانییەكە ئازاد نەكرێت ئەوە ئەو وڵاتە وەڵامی توندو خێرای دەبێت ، بۆیە لە ١٩ی تەمووز هێزە دەریاییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران دەستیان بەسەر كەشتی نەوتگویزەرەوەی بەریتانی "ستینا ئیمپیرۆ"دا گرت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی