ناوچەی ئارام لەسوریا پرۆژەیەكی تەواو ئەمەریكییە و پێچەوانەی خواستەكانی توركیایە

کوردستان

25/08/2019‌ 4951 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێچەوانەی ئەوەی توركیا لەسەر ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان بانگەشەی بۆ دەكات، ئەوەی لەبەردەستە پێچەوانەی ئەوە دەردەخات، بەجۆرێك ئەو پرۆژەیەی ئێستا جێبەجێدەكرێت پرۆژەیەكی تەواو ئەمەریكییەو لەسەر بنەمای تێڕوانینی واشنتۆن داڕێژراوە و توركیاش ملكەچی ئەو پرۆژەیە بووە .

لەم مانگەدا توركیا و ئەمەریكا، دوای چەند گەرێكی دانیشتن و دانوستانی دوولایەنە، گەیشتنە رێكەوتن بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام، كە ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی هێزە كوردییەكان ‌و بڕبرەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات پێكدەهێنن لەگەڵ سنووری توركیا لەیەكتر جیابكاتەوە، بەشیوەیەك پرۆژەكەش هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێبكرێت.

ناوچە ئارامەكە سرووشتێكی ئەمنی و سەربازی دەبێت، ئەو رێكەوتنەی لەنێوان توركیا‌و ئەمەریكا كراوە ئەوەیە، كە قووڵایی ئەو ناوچە ئارامە لەنێوان ٥ بۆ ١٤ كیلۆمەتر دەبێت .

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەكان، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی تا دووری ٢٠ كیلۆمەتر چەكە قورسەكان دوور بخرێنەوە، سەرباری ئەوەی دەبێت ئەو ناوچەیە یەكینەكانی پاراستنی گەلی لێنەبێت .

هەر بەپێی ڕیكەوتنەكە، هێزی گەڕۆكی ئەمەریكی و توركی لەناوچەكە دەسووڕێنەوە، توركیاش بەشێك دەبن لە هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، كە بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە نەك وەك سوپای توركیا .

بەگوێرەی سەرچاوە كوردییەكان، یەكێك لەمەرجەكانی ڕێكەوتنەكە ئەوەیە، كە نابێت توركیا ئەو پەنابەرە سوریانەی ناوچەكانی تری سوریا لەو ناوچە ئارامە جێگیربكات، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیا قبووڵ كراوە .

چاودێران دەڵێن: ئەوەی ئێستا لەسەر ناوچەی ئارام جێبەجێدەكرێت ئەوە جێبەجێكردنی پرۆژەكەی ئەمەریكایە نەوەك هی توركیا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، سەرەرای ئەوەی هەندێك لێدوان لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە دەردەچن وەك ئەوەی توركیا رای خۆی سەپاندبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لەكۆتییدا ئەنقەرە ملكەچی پرۆژەكەی واشنتۆن بووە .

پێشتر توركیا داوای دەكرد، كە ناوچە ئارامەكە بەقووڵایی ٤٠ كیلۆمەتر و بەدرێژایی ٤٦٠ كیلۆمەتری سنووری توركیاو سوریا بێت، بەڵام ڕێكەوتنەكە دەڵێت: قووڵاییەكەی لەنێوان ٥ بۆ ١٤ كیلۆمەتر دەبێت و درێژاییەكەشی نیوەی ئەوە دەبێت، كە توركیا داوای دەكات .

جگە لەوەی ئەنقەرە لەكاتی گفتوگۆكاندا داوای دەكرد، كە سوپای توركیا بەتەنیا كۆنترۆڵی ناوچە ئارامەكە بكات تابتوانێت ناوچەكە بۆ ئیدارەیەكی جیاواز لە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بگۆڕێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا ئەو پێشنیازەی توركیایان سەرلەبەر رەتكردووەتەوە.

ئەو لێدوانانەی رۆژی شەممە لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە دەرچووە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هەر كردەیەكی سەربازی تاكلایەنە لەلایەن واشنتۆنەوە رەتدەكرێتەوە و زیان بەسەقامگیری ناوچەكە دەگەیەنێت .

چاودێران دەشڵێن ئەو قسەیەی ئەمەریكییەكان مەبەست لێی "كردەی سەربازی سوپای توركیا"یە و بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی، كە ئەو پرۆژەیەی ئێستا جێبەجێدەكرێت پرۆژەی ئەمەریكییەكانە و مەبەست لێی "پاراستنی كوردەكانە لەهێرشی توركیا" نەوەك بەپێچەوانەوە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی