ئیمام ئۆغڵۆ چەند گرێبەستێك بە بەهای ملیونەها دۆلار پەیوەست بەئەدرۆغانەوە هەڵدەوەشێنیتەوە

جیهان

01/09/2019‌ 2191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی بەرهەڵستكار و سەرۆكایەتی گەورە شارەوانی ئەستەمبوڵ، گرێبەستی شەش دامەزراوە‌ هەڵوەشێندرانەوە، كە پەیوەستن بە پارتی داد و گەشەپێدانەوە.

بڕیارەكەی سەرۆكی شارەوانی ئەستەمبوڵ ‌ پەیوەست بوو بەو ڕێككەوتننامە ساڵانەی، كە پێشتر لەگەڵ دامەزراوە فێركاری و ئاینییەكان ئەنجام دراون، ئەمەش دوای ئەوەی چەند راپۆرتێك ئاشكرایانكرد، كە كارگێری پێشووی شارەوانی ئەستەمبوڵ، كە سەر بەپارتی داد و گەشەپیدان بوو، تەنیا بۆ دامەزراوەكان بڕی 357 ملیۆن لیرەی خەرج كردووە، كە دەكاتە (61.2 ملیۆن دۆلار)، ئەمەش‌ بە گوێرەی هەواڵێكی پێگەی "تی 24" هەواڵی توركی.

بۆیە گرێبەستەكانی دامەزراوەی ئەلئەنسار و تۆرجیف و عەزیز مەحمود هەدائی و توجیفا و دارلفنون و هوكا هەڵوەشێندرانەوە.

ئۆغڵۆ تیشكی خستەسەر ئەو خەرجییە زیادانەی شارەوانی ئەستەمبوڵ و ئەو كوژمە پارە زۆرانەی خراونە سەر ژمێرەی دامەزراوە خێرخوازییەكان لەماوەی 25 ساڵی فەرمانڕەوایی ئیسلامییەكان لەشاری ئەستەمبوڵ.

ڕاپۆرتەكانی شارەوانی ئەستەمبوڵ ئاشكرایانكرد، كە 848 ملیۆن لیرە (145.6ملیۆن دۆلار) لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، خراوەتەسەر ژمێرەی چەند ڕێكخراوێكی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان.
 
ڕێكخراوی توجفا، كە بیلالی كوڕی ئەردۆغانی تێدا ئەندامە و پلەیەكی بەرزی ڕاوێژكاری هەیە‌، بەشی شێری لەو پارانە بەركەوتووە، كە 74.3 ملیۆن لیریە و ڕێكخراوی تۆرجیف، كە لە ساڵی 1996 خودی ئەردۆغان دایمەزراندووە،‌ بڕە پارەی 51.6 ملیۆن لیرەی پێدراوە، ئێستاش لەلا‌یەن ئیسڕای كچەكەی ئەردۆغانەوە ئاراستە دەكرێت، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری دامەزراوەكەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، هەماهەنگییەكی پتەوی دارایی هەبووە لە نێوان شارەوانی و دامەزراوەكان لە بوارەكانی بنیاتنانی خانووبەرە و بەكرێگرتنی باڵەخانەكان و نۆژەنكردنەوەیان و گواستنەوە و خۆراكپێدان و شتی دیكەش.

تا ئەمڕۆ زیاتر لە 190 ملیۆن لیرە (32.6 ملیۆن دۆلار)  بۆ دامەزراوەكان خەرجكراوە لەبوارەكانی نوێكردنەوە و چاودێری، تەنیا بۆ گواستنەوە و خۆراكپێدانی دامەزراوەكانیش بڕی 56.5 ملیۆن لیرە خەرجكراوە، كە دەكاتە "9.7 ملیۆن دۆلار".

ئیمام ئۆغڵۆ لەو بارەوە رایگەیاندووە، خەرجییەكان بەرەو كەمبوونەوەن و ڕێوشوێنی دیكەش دەگیرێنەبەر، ئەمە تەنیا سەرەتایە و ڕێگریشمان لە خەرجكردنی گوژمە پارەی 357 ملیۆن لیرە گرتووە.

سەرباری ئەو گوژمە پارانەی بە شێوەی نەختینە خەرجكراون، شارەوانی ئەستەمبوڵ باڵەخانە و دامەزراوەی دیكەشی داونە ئەو ڕێكخراوانە بۆ بنیاتنانی پڕۆژەكان. 

ئیمام ئۆغڵۆ پرسیاری كرد، كە ئاخۆ پارە و پولی گەل چی لێهاتووە و بۆ چ شتێك خەرجكراوە؟ كە بودجە ساڵانەی  شارەوانی ئەستەمبوڵی گەورە 4.2 ملیار دۆلارە، كە سەرچاوەكەی 3.2 ملیار دۆلاری لەقەرزە ناوخۆ و دەرەكییەكانەوە دێت، 2.76 ملیار دۆلاریش لە بودجەی حكومەتی مەركەزییەوە دێت.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر