لاهور شێخ جەنگی داوای بووژاندنەوەی رێككەوتنی دەباشان دەكات

کوردستان

14/09/2019‌ 764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لاهور شێخ جەنگی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی داوای بووژاندنەوەی رێككەوتنی دەباشانی نێوان حیزبەكەی‌و بزووتنەوەی گۆڕان دەكات.

ئەو داواكارییەی لاهور شێخ جەنگی لەمیانی پەیامێك بووە، كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردووەتەوەو تێدا دەڵێت: هیوادارم هەڵبژاردنەوەی رێكخەری گشتی‌و نوێكردنەوەی خانەی راپەڕاندن، تەبایی و هاوكاریی سیاسی و رێككەوتنامەی گرنگی دەباشان، لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی ببوژێنێتەوە.

هەروەها دەڵێت: ئەو هەڵبژاردنە هەماهەنگی نێوان هەردولا بخاتە سەرپێ، بۆ راستكردنەوەی باڵانسی هێز لە هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی هەڵبژاردنی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی گشتی ئەندامانی تری خانەی راپەڕاندن بڵاویكردووەتەوە.

یەكێتی‌و گۆڕان ساڵی 2016 رێككەوتنێكی سیاسیان واژوو كرد، كە بەرێككەوتنی دەباشانیش ناو دەبرێت، كە بەهۆی پابەندنەبوون بەرێككەوتنەكەوە، گۆڕان رێككەوتنەكەی هەڵپەساردووە.

هـ ـ ح