پەنا بۆ پارتی دەبات
یەكێتی پرسی وەرگرتنی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ گۆڕان دەوروژێنێتەوە

کوردستان

15/09/2019‌ 4528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی پرسی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەوروژێنێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ پارتی دیموكرات بردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس یەكێتی دەیەوێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێتەوە، كە ئێستا لای هەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی گۆڕانە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی لەهەنگاوی یەكەمدا دەیەوێت بەگفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان ئەو پرسە یەكلابكاتەوەو لەدوای سەرنەگرتنی ئەو هەنگاوەش پەنا بۆ رێگەی تر دەبات.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، یەكێتی لەپێناوی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەنای بۆ پارتی بردووەو داوای كردووە، كە لەوەرگرتنەوەی ئەو پۆستە هاوكاری بكات.

یەكێتی گۆڕان ساڵی 2014 رێككەوتنیان واژووكرد بۆ دابەشكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان خۆیان بۆ دوو ساڵ بەدووساڵ، كە كاندیدەكەی یەكێتی دوو ساڵی سەرەتا پۆستەكەی وەرگرت‌و كاندیدەكەی گۆڕانیش دوو ساڵەكەی خۆی تەواو كردووەو ئێستا ساڵێك زیاترە بەدەر لەرێككەوتنەكە لەپۆستەكەی ماوەتەوە.

هـ ـ ح