وەزارەتى ناوخۆى هەرێم ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ فیستیڤاڵى فیلمى دهۆک تەرخان دەکات

کوردستان

15/09/2019‌ 554 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم بە ملیۆنان دینار بۆ فیستیڤاڵى فیلمى دهۆک تەرخان دەکات.
لەکاتێکدا کە قەیرانی دارایی هێشتا بەرۆکى هەرێمى کوردستانى بەرنەداوەو فەرمانبەران چاوەڕوانى مووچەکانیان دەکەن، وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە نوسراوێکدا بڕی ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ فیستیڤاڵى فیلمى دهۆک تەرخان دەکات.
لە نوسراوەکەى وەزارەتى ناوخۆدا هاتووە،رەزامەندى وەرگیرا بۆ تەرخانکردنى ٧٥٠ ملیۆن دینار بەپێیى دەرخستەى هاوپێچى نوسراوتان بۆ خەرجییەکانى ئەنجامدانى فیستیڤاڵى حەوتەمى فیلمە سینەماییەکانى پارێزگاى دهۆک لە بودجەى ساڵى ٢٠١٩ى وەزارەتى دارایی و ئابوری.

هێڤیدار ئەحمەد جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى کوردستان بە شارپرێسى راگەیاند، من تائێستا ئەو نوسراوەم نەبینوە ئاخۆ راستە یان نا، بەڵام لەرێی فراکسیۆنەکەمانەوە بە دواداچوون بۆ ئەو نوسراوە دەکەین بزانین راستە یان نوسراوێکى ساختەیە.
ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان زۆر جدییە لەوەى بزانێت دینار بەدینار چۆن خەرج دەکرێت.
تەرخانکردنى ئەو پارەیە لەکاتێکدایە کە ئەرکى وەزارەتى رۆشنبیرییە ئەو پارەیە بۆ فیستیڤاڵەکە تەرخان بکات و وەزارەتى ناوخۆ ئەرکەکەى جیاوازەو لە تایبەتمەندى ئەو وەزارەتە نییە.

هەرچەندە تائێستا ڕوون نییە ئەو نوسراوە لەلایەن وەزارەتى ناوخۆوە دەرکراوە یان نا، وەزارەتى ناوبراو تائێستا هەڵوێستى خۆی لەسەر نوسراوەکە رانگەیاندوە.

ه
س.هـ