سزا ئامادەکراوەکانی دوو سیناتۆری ئەمریکا دژی تورکیا

کوردستان

10/10/2019‌ 1882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەردوو سیناتۆری کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، لیندزی گراهام و کریس ڤان هۆڵن پرۆژە یاساکەیان دژی تورکیا ئامادەکردووە و ئەگەر لە کۆنگرێس تێپەڕێت کۆمەڵێک سزای قورس بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت، لەنێواندا خودی ئەردۆغان.

لە نووسراوێکدا کە لینزی گراهام بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کۆنگرێس ئەم سزایانە بەسەر تورکیا دەسەپێنێ مەگەر ئەوەی تورکیا بە بێ پشتگیری ئەمەریکا ئۆپەراسیۆن لە رۆژهەڵاتی فۆڕات و رۆژهەڵاتی سنوورەکانی عێراق ئەنجام نەداو و هێزە چەکدارەکانی بکشێنێتەوە، بە چەکدارە یاخییانەش کە تورکیا پشتگیریان دەکات.

بەشێک لە سزاکان وەک لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە ئەمانەن:

یەکەم: سەپاندنی سزا بەسەر سەروەت و سامانی سەرکردەکانی تورکیا؛ لەنێویاندا، سەرۆک، جێگری سەرۆک، وەزیری دەرەوە، بەرگریی، دارایی، بازرگانی و وزە

دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر هەر کەسێکی بیانییدا کە چەک و پێداویستیی سەربازیی بە سوپای تورکیا بفرۆشێت

سێیەم: سەپاندنی سزا بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا کە پێداویستی و خزمەتگوزاریی و زانیاریی بۆ بەرهەمهێنانی کەرتی وززەی تورکیا دابینبکات کە بۆ هێزە چەکدارەکانی بەرکاربهێنرێت

چوارەم: قەدەغەکردنی فرۆشتنی زانیاریی و کەلوپەلی سەربازیی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ تورکیا هەروەها توندکردنەوەی ڕێکارەکان بۆ پێدانی ڤیزە بە سەرکردەکانی تورکیا کە دەیانەوێت سەردانی ئەمەریکا بکەن.

س.هـ