بەهۆى زنجیرەیەک بومەلەرزە شەش کەس لەئێران گیانی لەدەستدا

جیهان

08/11/2019‌ 693 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمرۆ هەینی زنجیرەیەک بومەلەرزە ڕویداو بەهۆیەوە گیانلەدەستدانی شەش كەس و برینداربونی زیاتر لە 312 كەس لێكەوتەوە.

بەپێی هەواڵێکى ئاژانسى نەسیمى ئێران بومەلەرزەیەكی بەهێز پارێزگاکانی باکوری ڕۆژئاوای ئێرانی هەژاند و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان لانیكەم شەش كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 312 كەسی دیكەش برینداربون.

 ئاماژە بەوەشکراوە، بومەلەرزەكە كاتژمێر 2:17 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ئێران بووە و گوڕەکەشی 5.9 پلە بە پێوەری رێختەر بە قوڵای 2کیلۆمەتر لە ژێر زەوییەوە بووە.

ئەم زەوی لەرزەیە 7 پارێزگای باکوری ڕۆژئاوای ئێرانی هەژاندوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك بیناو باڵەخانە زیانیان پێگەشتووە و لە پایتەختی ئێرانیش بە تەواوی هەست بە بومەلەرزەكە كراوە.

هاوکات بەرپرسانی سەنتەری لەرزە تۆمارکردنی تاران ڕایگەیاندوە، سەنتەری زەوی لەرزەکە شاری (تەرەک)ی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی بووە، کە بومەلەرزەكە نزیكەی 10 چركەی خایاندوە و چەند ناوچەو پارێزگایەکی تری لەدەوروبەریدا هەژاندووە.

لەوبارەیەوە محمد باقر هنربر بەڕێوبەری گشتی قەیران وڕووداوەکانی پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی، بەو هۆیەوە شەش كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 312 كەسی دیكەش برینداربون و 30 باڵەخانە بە تەواوی زیانیان پێگەیشتووە و هەندێک ڕێگا داخراوە و دوو گوندی 30ماڵی بەناوی (ورنکش و وەرزەقان)ی میانە بەتەواوی ڕوخاوە و نزیکەی حەوت گوندی ناوچەکەش نیوە ڕوخاو بوون

هەر بەپێی سەنتەری زەوی لەرزە تۆمارکردن، لەدوای بومەلەرزە سەرەکییەکە، 40 وردە بومەلەرزەی دیكەی یەك لە دوای یەك ئەو ناوچانەیان هەژاندوە و لەئێستاشدا تیمەكانی فریاكەوتن سەرقاڵی بەهاناوەچونی قوربانییەكان و هێنانە دەرەوەی لاشەی ئەو كەسانەن كە كەوتونەتە ژێر بیناو ماڵەگوندیە روخاوەكانەوە و ئەگەری زیاتربوونی گیانلەدەستداوانیش دەکرێت.
س.هـ