نهێنی دژایەتی توركیا بۆ دەسەڵاتی ڕۆژئاوای كوردستان

کوردستان

11/11/2019‌ 4294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمیر ڤان و یلغنبرگ و هاریت ئیلیسوب لە پەرتووكەیان بە ناونیشانی "كوردەكانی باكوری سوریا- حوكمرانی و فرەیی و ململانێكان"، دەڵێن بكەرە نێودەوڵەتییەكانی هەمان زەرەرمەند و هەم سوودمەندن لەخەبات و تێكۆشانی كوردەكان.

هەردوو نووسەر باس لەوە دەكەن بۆچی توركیا زیانی  بەكوردەكان گەیاندو بۆچی سوپاكەی لە هاوینی 2016  و سەرەتای 2018 سوریای داگیركرد، پەرتووكە باسی  داگیركارییە تازەكەی ئەم دوایەی سوپای توركیای نەكردووە.

پەرتووكەكە ئاماژە بەوەش دەدات چۆن توركیا چاوی لەسەر ئەوە بوو بەربەست بخاتە بەردەم دامەزراندنی خۆسەری بەرێوەبەری كوردەكان لە ناوچەكانی سوریا لەساڵی 2012، ئەمەش كاتێك بوو بەشار ئەسەد لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان لە ناوچەكانی دیكەی سوریا، سوپاكەی لەناوچە كوردییەكان كێشایەوە.

سەر‌باری هەوڵە زۆرەكانی توركیا، كەچی ئەنقەرە سەركەوتوو نەبوو لەگەیشتن بە مەرامەكانی، هەر لە سەرەتاوە پشتی ئۆپۆزسیۆنی سوریای گرت، تا كوردەكان نەگەنە ئاواتەكانیان و لە ناو ئۆپۆزسیۆن دەنگ و ڕەنگیان نەبێت. 

لەگەڵ پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە دانیشتنیان كرد و داوایان لێكردن ببنە بەشێك لەسوپای سوریای ئازاد، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، توركیا شەڕی ڕێكخراوی داعشی نەكرد، چونكە دەیانزانی داعش بەربەرستە لە بەردەم فراوانبوونی دەسەڵاتی كوردەكان. 

هەروەها توركیا دوو كردەی سەربازییان لە ساڵەكانی 2016 و 2018  دژ بە كوردەكان ئەنجامدا و كۆتایان داگیركاری عەفرینی لێكەوتەوە، بەڵام كوردەكان نەبەزین و لە كۆششەكانیان بەردەوام بوون.

ئازادی و نەبەردی پەیەدە و یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە، وا دەكات مەحاڵ بێت توركیا بتوانێت بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەمەش توركیا توڕە و بێ ئومێد كردووە. 

سەرسەخترین بەربەست لەبەردەم پەیەدە،‌ بوونی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردییە، كە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردووە دامەزراوە، هەوڵدرا دەسەڵات لەگەڵ پەیەدە بەش بكات، بەڵام پەیەدە بەوە ڕازی نەبوو.

پەیەدە خاوەن پرۆگرامی كۆنفیدڕاڵییەكی دیموكراسی بوو لەو ناوچانەی لەبن دەسەڵاتی خۆیدا بوون، لەگەڵ یەكسانی نێوان ژن و پیاو و مافی كەمینە ئیتنیكی و ئاینییەكان بوو، بەڵام ئایدۆلۆجیای ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی نەتەوەیی بوو، ئەو دوو ئایدۆلۆجییەش یەكناگرنەوە.

هەرزوو پەیەدە بە هۆی ئازایی و نەبەردی خۆیانەوە بوونە دەسەڵاتی یەكەم لەڕۆژئاوای كوردستان، ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردیش پەراوێزخرا، كە پەیەدە بە هۆی هەماهەنگی و هاوكاریان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و بە تایبەتیش لەدوای شەڕی كۆبانی  لە ساڵی 2014 ، سنوری قەڵەمڕەووی خۆیان فراوان كرد. 

دواتر هێزەكانی سوریای دیموكرات دامەزرا، كە پێكهاتەكەی كورد و عەرەبن، تا توانیان سێیەكی خاكی سوریا بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە، ئەوان سەركەوتوو بوون لە پیادەكردنی كۆنفیدڕاڵی دیموكراسی، كە شارەوانی و ئەنجوومەن و میدیا و ئابووری و سیستەمی پەروەردەیان پێڕێكخست و بایەخیان بە مافی كەمینە و ژناندا.

پەرتووكەكە باس لەوەش دەكات توركیا لەوەی‌ كوردەكان لەباكووری سوریا پەیڕەووی دەكەن ئاگری گرتووە، چونكە بەتەواوی جیاوازە لە دیدگا و ئامانجەكانیان، توركیا دەوڵەتێكی توندڕەووی نەتەوەیی مەركەزییە، هێمنی و ئارامیش بۆ ئەو ناسنامانە دەستناكەوێت، كە دان بە ئایدۆلۆجیای دەوڵەتی توركدا نانێن.

كاتێك توركیا هەستیكرد خەریكە بەشار ئەسەد جەنگی سوریا دەباتەوە، ئومێدیش هەیە دان بە مافی ئۆتۆنۆمی كوردەكاندا بنێن، توركیا بە پێویستی زانی دژی كوردەكان بكەوێتە جوڵە.

ئامانجی ئەنقەرە لەناوبردنی ئەزموونی كۆنفیدڕالی دیموكراسییە، توركیا لەو ئامانجەی سەركەوتوو نەبوو، خۆ ئەگەر لەو ئامانجەی سەركەوتوو بێت، كوردەكان سەرلەنوێ خەبات و تێكۆشان دەست پێدەكەنەوە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
نووسین: فریدریكە جردینیك
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە