ناوەندی "ناوك" لەناو یەكێتی پێكدەهێنرێت

کوردستان

17/11/2019‌ 5882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی-ناوك" لەناو یەكێـتی نیشتمانی راگەیەنراو بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەنراوێك، "هەڤاڵانی شەرارە وەك دەستەیەك كادری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی لەرابردوو بۆ ماوەیەك خەباتیان كرد بۆ باشكردنەوەی دۆخی یەكێتی و ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی دروست و بێ غەلوغەش، بەڵام بەهۆی هەندێك گوشارو هەڕەشە، كە لەسەر كادرەكانی دروستبوو لەلایەن هەندێك باڵ و دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی، ناچار لە 28-10-2019، دەستەكە هەڵوەشاندنەوەی خۆی و وەستانی كاروچالاكییەكانی راگەیاند".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "ئێمە، كە زۆرینەی كادرانی ئەو دەستە هەڵوەشاوە پێكدێنین، لە ڕوانگەی قەناعەتمان كە یەكێتی هێشتا لەدەست كۆمەڵێك بزنسمان و خاكفرۆش و گەندەڵكاری بێباكدایەو كەسی دڵسۆز لەدەستڕۆیشتووانی ناو حیزبەكە بەدیناكرێن، بۆیە بەپێویستمانزانی پەیوەندیی بكەین بە ریزەكانی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی-ناوك".

هەروەها رایانگەیاندووە، ناوەندەكە "باشترین رەوت و ئاڕاستەی ناو حیزبن، كە بۆ دادپەروەری و ئامانجی نیشتمانی و بنەبڕكردنی گەندەڵی و دیاردەی بنەماڵەگەری تێدەكۆشێت".

داواش لەهەموو ئەندامانی دڵسۆزی یەكێتی دەكەن، "لە كۆنفڕانسەكانی رێكخستنەكاندا بۆ كۆنگرە، دەنگ بدەن بەو كادرانەی كەسەر بەڕەوتی ناوك-ن، چونكە كەسانی پاك و دڵسۆزو دیاری ناو یەكێتیی پێكدەهێنن".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە مانگی داهاتوو كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت‌و ئێستاش ئامادەكارییەكان بۆ بەستی ئەو كۆنگرە دەستیپێكردووە، ئەوەش ململانێكانی زیاتر كردووە.

هـ ـ ح