توركیا بە 6 ژێردەریایی نوێ هەڕەشە لە وڵاتانی سەر دەریای ناوەراست دەكات

لە میدیاکانەوە

25/12/2019‌ 1355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا جارێكی تر بەلێدوانی توند لەسەر دوورگە بچووكەكانی دەریای ئیجە گەرایەوە و لەهەمان كاتیشدا ئاماژەی بۆ بەكارهێنانی هێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی توركیا كرد .

سەرۆكی توركیا رۆژی یەكشەممە بەبۆنەی دروستكردنی یەكەم ژێردەریایی دروستكراوی ناوخۆی توركیا، كە ناوی "بیری" لێنراوە وتارێكیدا و تێیدا وتی: ئەوانەی پلان بۆ سەروەری لەسەر دورگەكانی دەریای ئیجە دادەنێن دەبێت بزانن ئەو باجەی لەسەر ئەوە دەیدەن نەزانراوە ".

بەگوێرەی رۆژنامەی "ئیمكاسمیرنی"ی یۆنانی، ئەردۆغان باسی ناكۆكییە درێژمەوداكانی لەگەڵ یۆنان سەبارەت بە سنووری دەریایی نێوانیان كردووە و رایگەیاندووە، نابێت كەس هەوڵ بدات گەمارۆمان بدات‌و لەكەناراوەكانی خۆمان قەتیسمان بكات .

هەر لەو قسانەدا ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەو یاداشتی لەیەكتێگەیشتنە لەگەڵ لیبیاو ناكۆكییەكانیان لەگەڵ میسر و یۆنان و ئیسرائیل سەبارەت بە سنووری دەریایی ئەو وڵاتانە كردووە و ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوانەی بەرانبەرمان دەوەستنەوە هیچ تێگەیشتنێكیان بۆ یاسا یان یاسای نیودەوڵەتی نییە، هیچ بەزەییەكیشیان نییە.

سەبارەت بەو ژێردەریاییانەی توركیا خەریكی دروستكردنییانە سەرۆكی توركیا رایگەیاندووە، كە ئەو شەش ژێردەریاییە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە دەبن ، بەردەوامیش دەبین لەبەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەمان، بەتایبەت لە دەریای ناوەراست.

سەبارەت بە پشتیوانیكردنی حكومەتی سەراج لە تەرابلووس، كە لەلایەن هێزەكانی مووشیر خەلیفە حەفتەر هێرشێكی توندی لەسەرە، ئەردۆغان وتی: ئەگەر پێویست بكات ئەوە توركیا لەڕێگای دەریایی و وشكانی و ئاسمانییەوە پشتیوانی حكوومەتی سەراج دەكات .

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی ژێردەریایی "بێری رەئیس" ساڵی ٢٠٢٢ دەخرێتە ناو خزمەتی سەربازی هێزی دەریایی توركیا ، هەروەك كار لەسەر پێنج ژێردەریایی تر دەكرێت و تا ساڵی ٢٠٢٧ تەواو دەكرێن .

گۆڤاری "دیفینس توركی"یش ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ژێردەریاییەكە لەڕێگای كارلێكی هایدرۆجین و ئۆكسجین سووتەمەنی دابین دەكات‌و دەتوانێت بۆماوەی ١٤ رۆژ لەژێر دەریادا بمێنیتەوە بێئەوەی پێویستی بەهەوای دەرەوە بێت .

هەروەها گۆڤاری سەربازی "ناڤال تودەی" دەڵێت: ژێردەریاییە توركییەكە سەر بە جۆری "١١٤" یە، كە سەر بە مۆدێلی "٢١٢"یە لەهێزی دەریایی ئەڵمانی و ئیتالیدا كاریان پیدەكرێت، بەشێوەیەك درێژییەكەی دەگاتە ٦٥ مەتر و خێراییەكەشی لەژێرئاودا دەگاتە ٢٠ میلی دەریایی .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی ‎