كوشتنی سلێمانی‌و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان

ڕاپۆرت

05/01/2020‌ 2590 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
بەپرسانی پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی لەسەر رووداوی كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران  خۆیان بەدوو دەگرن، كە ئەو پرسە كاریگەری گەورەی لەسەر هەرێم دروست كردووە.

رۆژی هەینی رابردوو ئەمریكا لەرێگەی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانەوە، قاسم سلێمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوشت، ئەوەش كاردانەوەی دروست كرد.

لەچوارچێوەی كاردانەوەكان، ئەوەی تێبینی كرا، هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بوو، لەكاتێكدا زۆربەیان پەیوەندی راستەوخۆو نهێنیان لەگەڵ قاسم سلێمانی هەبوو.

هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی زیاتر بێدەنگی بوو لەو بارەوە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەسەركردایەتی حیزبەكانەوە فەرمان هاتووە، بێدەنگی هەڵبژێرن.

هەر بەپێی زانیارییەكان بەهۆی هەستیاری بابەتەكەو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی بێدەنگیان هەڵبژاردووەو نایانەوێت شیكردنەوە بۆ ئەو پرسە بكەن.

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بەم پرسە بەشارپرێسی وت: ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە سەر خاكئ عێراق قۆناغی شەڕی بەوەكالەت و شەڕی ساردی تێپەڕاندووەو بگرە ناكۆكییەكانی ئەو دوو لایەنی گەیاندووەتە پێكدادانی راستەوخۆ، كە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی مهندسی لایەنە عێراقییەكان‌و هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم هەڵوێستێكی قورس.

سەید سەلیم ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پەیوەندی بە كورد و هەرێمی كوردستان هەیە، بریتییە لەوەی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ كورد ئاسان نابێت، بۆیە باشترین بژاردە لەئێستادا ئەوەیە، كە كورد خۆی لەو شەڕە دوورە پەرێز بگرێت‌و وتیشی: نابێت كورد ببێتە بەشێك لەو شەڕە، چونكە نە شەڕەكە شەڕی كوردە نە كوردیش توانای  ئەو شەڕەی هەیە.

هەروەها وتی: ئەوەی ئێستا بۆ كورد گرنگە، ئەو هەنگاونانە بە ئاڕاستەی یەكڕیزی كوردستانی دەنرێت، كە دەبێت كورد ئەزموون لە هەڵەكانی رابردوو وەرگرێت، ئەو دۆخەی لەعێراق دێتە پێشەوە بیقۆزیتەوە بە ئاڕاستەی دەستكەوتی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان.

هەر لەسەر ئەم پرسە شارپرێس پەیوەندی كرد بەچەند بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی، بەڵام باسیان لەوە كرد، كە بەفەرمی لەلایەن سەركردایەتی حیزبەوە ئاگادار كراونەتەوە لەم بارەیەوە لێدوان نەدەن و خۆیان بگرن لەمیدیاو بەهیچ شێوەیەك لەسەر ئەم پرسە قسە نەكەن.

پێشتر ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی نووسینێكی لەسەر كوشتنی قاسم سلێمانی بڵاوكردبووەوە، بەڵام دوای چەند سەعاتێك لەبڵاوكردەوە، لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی سڕییەوە.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، بەفەرمانی سەركردایەتی پارتی ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی نووسینەكەی سڕیوەتەوە.

هاوكات لەسەر كاردانەوەكانی ئەو پرسە، ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا لەسەر فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بەشارپرێس وت: دۆخەكە هەستیارەو شڕۆڤەكردنی بارودۆخەكەش قورسە، بۆیە نایەوێت  هیچ قسەیەك لەو بارەیەوە بكات.
 
هەروەها دكتۆر رەعد رەفعەت مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی بۆردی توێژینەوەی ستاندەر لەسەر ئەو پرسە دەڵێت: واچاكە هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆی پەیوەست بكات بە دەستوور و سیادە و یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراقی و بەهەردوو وڵاتی ئەمریكا و ئێران بەفەرمی رابگەیەنێت، كە حكومەتی هەرێم بەشێكە لەعێراق و پابەند دەبێت بە پلان وبڕیارەكانی دەوڵەتی عێراقی.

دكتۆر رەعد وتیشی: لەهەمان كاتدا، پێموانییە هەرێمی كوردستان ببێتە گۆڕەپانی كردەی سەربازی ئەمریكا و ئێران، چونكە حیزبەكانی كوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێم پەیوەندییە دبلۆماسی و سەربازییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا بەهێزە و لەهەمان كاتدا پەیوەندییە دبلۆماسی و ئابوورییەكانیشیان لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانی بەهێزە.

باسی لەوەش كرد، كە هەرێم باش دەزانێ ئەو ململانێیەی ئەمریكا و ئێران لەناوچەكەدا زۆر لەتوانای ئەو مەزنترە و خوودی هەر دوو وڵاتیش رەچاوی تایبەتمەندی هەرێم دەكەن لە بوونە لایەنگری تەرەفێك لەسەر ئەوی تر، بۆیە ئەستەمە هەردوولا فشار بخەنە سەر هەرێم بۆ یەكلاییكردنەوەی هەڵوێستی لە دژی لایەكەی تر.