بۆچی دۆناڵد ترامپ بڕیاری كوشتنی قاسم سلێمانی پەسەند كرد

مەلەفی تایبەت

07/01/2020‌ 2867 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری دوودڵی ئەمریكا لەم چەند مانگەی پێشوودا،  لە دەركردنی بڕیارێكی یەكلاییكەرەوەی بەهێز دژ بە كارە فسقەلكەرەكانی (استفزاز) ئێران لە ناوچەكە، كەچی ڕۆژی 2 یەنایەری 2020 كردەیەكی سەربازی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ تیرۆركردنی قاسم سلێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی ئێرانی ئەنجامدرا.
 
بڕیارەكە لێكەوتی جۆراوجۆری لێدەكەونەوە، چ لەسەر ئاستی هەرێمی، یان لەسەر ئاستی سیاسەتی ئەمریكا لەمەڕ ناوچەكە، ئەمەش یەكێكە لە بڕیارە گرنگەكانی سەرۆكی ئەمریكا لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا. 

ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا گرێدراوی چەند گۆڕاوێكی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا – ئێران و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی وڵاتەكەی دەبنەوە و ئەو فشارە ناخۆیانەش، كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

كات و ساتی بڕیارەكە
بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا پەیوەست بوو بە پەرەسەندنی ئەو ڕووداوانەی لە نێوان شەش ڕۆژی  كۆتایی سێبتێمبەری 2019  و 2 یەنایەری ساڵی 2020،  لەو ماوەیەدا عێراق گۆڕەپانی بارگرژی نێوان واشنتۆن و تاران بوو، بە تایبەتیش كاتێك حیزبوڵای عێراقی ڕۆژی شەممەی 28 ی دیسەمبەر، هێرشێكی موشەكی كردە سەر سەربازگەیەكی ئەمریكی لە كەركوك، كە بووە هۆی كوژرانی ئەفسەرێكی خانەنشینكراوی ئەمریكی و برینداربوونی 4 سەربازی دیكە.

لە 29 ی دیسەمبەری 2019  ئەمریكا هێرشی كردەسەر 5 بنكەی سەربازی حیزبوڵڵا لە ڕۆژئاوای عێراق و ڕۆژهەڵاتی سوریا، كە بووە هۆی كوژرانی 15 چەكدار، كە سەركردەی باڵاشی تێدابوون.

بە هێرشی خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە 31 ی دیسەمبەر بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق، ڕووداوەكان پەرەیانسەند و خۆپێشاندەران ئاڵای ئەمریكایان سوتاند و كامێراكانی چاودێری و دەروازەكان دەوروبەری باڵوێزخانەكەیان شكاندن، هێزە ئەمنییە عێراقییەكانیش نەیانهێشت باڵوێزخانەكە لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە داگیر بكرێت.

ڕاوێژكاییەكانی دەركردنی بڕیارەكە
بڕیاری كوشتنی قاسم سلێمانی دوای دانیشتنێك هات لە 2 ی یەنایەری 2020  لە نێوان سەرۆكی ئەمریكا و تیمی ئاسایشی نەتەوەیی و گەورە بەرپرسانی ئەمریكا لە هاوینەهەواری "مارالاغوا" لەویلایەتی فلۆریدا، تیمەكە چەند پلانێكیان خستەبەردەم ترامپ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران. 

ترامپ ڕاوێژی بە "ڕۆبەرت ئۆرین" ی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و "میك مۆلفات" ی بەڕێوەبەری كارەكانی سەریكی تیمی فەرمانبەرانی كۆشكی سپی و "ئەریك ئۆڵاند" ی بەرپرسی پەیوەندییە یاساكارییەكانی سەرۆك كرد.

لەو كردە ڕاوێژكارییەدا چەند زانیارییەكی هەواڵگری خرانە بەردەست سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە پلانەكانی قاسم سلێمانی لە ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و كەسانی مەدەنی ئەمریكی، بژاردەی جۆراوجۆریان خستە ‌بەرەدەم سەرۆك وەك هێرشكردنە سەر  كەشتی‌  و سەكۆی موشەكی ئێرانی و میلیشیا پاشكۆكانی ئێران لە عێراق، یەكێك لە بژاردەكانیش كردەیەكی سەربازی بوو بۆ تیرۆركردنی قاسم سلێمانی. لەو بارەشەوە دوو بۆچوون هەبوون: 

یەكەم: گۆمان هەبوو لە ئەنجامدانی كردەی تیرۆركردنی سلێمانی، چونكە زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە دەكرد هێشتا سلێمانی ڕەزامەندی عەلی خامەنەئی موڕشیدی باڵای شۆڕشی ئیسلامی وەرنەگرتووە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بۆیە خامەنەئی داوای لەسلێمانی كردبوو بچێتە تاران تاوەكو گفتوگۆی زیاتری لەوبارەوە لەگەڵ بكات.

دووەم: جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە كردەی تیرۆركردنەكە ئەنجام بدرێت، چونكە وڵامنەدانەوەی ئێران وا لێكدەدرێتەوە لاوازی ئەمریكایە، وەزیری دەرەوە و ڕاویژكاری ئاسایشی نەتەوەیی هەڵگری ئەو بۆچوونە بوون، بۆیە ترامپ دووەم بژاردەی پەسەند كرد و بڕیاری كوشتنی سلێمانی دەكرد.

بە گشتی چەند فاكتەرێك بوونە هۆی دەركردنی بڕیارەكە، لەوانەش: 
یەكەم: هۆكارە دەروونی و ڕەفتارییەكان
 ترامپ بەوە ناسراوە، كە لەوانەیە بە هۆی دیمەن و وێنە تەلەفزیۆنەكانەوە كاریگەری بكەوێتە سەر، دیمەنی هێرشی لایەنگرانی حیزبوڵڵای عێراقی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئەو باوەڕەی لای ترامپ دروست كرد دەشێت ڕووداوەكەی هەڵكوتانەسەر باڵوێزخانەی ئەمریكای تارانی ساڵی 1979 دووبارە ببێتەوە، بۆیە بۆ بەرگرتن لەو ڕووداوە دەستتێوەردانی كردو بڕیایدا سلێمانی تیرۆر بكات، كە پێی وابوو لە پشت ئەو پلانەوەیە.

دووەم: ئێران هێڵە سوررەكانی ترامپی بەزاند
سەرباری هەموو ئەو كردە فسقەلكەرانەی (استفزاز) پاسەوانی  شۆڕشی ئیسلامی دژ بە ئەمریكا كردنی، لەو ساوەی لە ساڵی 2019  واشنتۆن ئەو دامەزراوەیەی خستە لیستی تیرۆرەوە، وەك هێرشكردنە سەر بارهەڵگرە نەوتییەكان و دامەزراوە نەوتییەكانی ناوچەكە، كەچی ترامپ بڕیارێكی یەكلاییكەرەوەی‌ دژ تاران دەرنەكرد، بەڵكو ئەو كردانەشی وەستاند بڕیار بوو دژ بەو دامەزراوەیە بگیرێنەبەر لە دوای هێرشكردنەسەر دامەزراوە نەوتییەكان لە بەقیق و هجرە و خریس لەسعودییە لە 18 ی دیسەمبەری 2019.

هۆكاری نەجوڵانی ترامپ ئەوە بوو، كە وتبووی تا ژیانی ئەمریكییەكان نەكەوێتە مەترسییەوە ئەو جوڵە ناكات، بۆیە هێرشكردنە سەر سەربازگەk1   لە كەركوك و كوشتنی ئەفسەرە خانەنشینە ئەمریكییەكە و برینداربوونی سەربازی دیكە، بووە سەرەتای ئاڵێنگارییەك بۆ ترامپ، چونكە پێی وابوو ئەو ڕووداوەی كەركوك كارێكە ناكرێت لێی بێدەنگ بێت.

سێیەم: جوڵەیەكی پێشدەستی بۆ پوچەڵكردنەوەی پلانەكانی سلێمانی دژ بە ئەمریكییەكان
سەرباری ناڕەزایی تیرۆركردنی سلێمانی لە لایەن چەند دامەزراوە و سیناتۆری دیاری  ئەمریكا و میدیا ئەمریكییەكان  و سەنتەرەكانی هزری ئەمریكی، بەڵام ئیدارەكەی ترامپ بەوە پاساوی بۆ كردەی تیرۆركردنی سلێمانی هێنایەوە، كە ناوبراو لە پشت پلانەكانی هێرشكردن سەر ئەمریكایە و مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ئەم كردە بۆ پوچەڵكردنەوەی پلانەكانی ناوبراو بووە، كە نیازی وابوو لە سوریا و عێراق و لوبنان هێرش بكاتەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.

هەرچەندە میدیا فەرمییەكانی ئەمریكا هیچیان لە بارەی پلانەكانی سلێمانییەوە باس نەكرد، بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرزی لە 4 ی یەنایەری 2020 لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە سلێمانی لە ئۆكتۆبەری 2019 كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ میلیشیا شیعەكانی عێراق كردووە و هانیداون بەچەكی پێشكەوتووی وەك موشەكی كاتیۆشا، كە تاران بۆیان دابین دەكات،  هێرش بكەنەسەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

چوارەم : جەختكردنەوە لەسەر دەموتكردنی ئێران 
بەشێكی بڕیارەكەی ترامپ لەكوشتنی سلێمانی جەختكردنەوەیە لەوەی پێویستە ئەمریكا بە لێدانێكی بەهێز ئێران دەمكوت بكات لە بەرانبەر هێرشی تاران بۆسەر بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە كەركوك و باڵوێزخانەكەی لە بەغدا، هەم تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و هەم مەزندە خودییەكانی ترامپ، سەرۆكی ئەمریكایان گەیاندە ئەو باوەڕەی دەبێت كردەیەكی سەربازی دژ بە ئێران ئەنجام بدات، ئەمەش بە لێدانی باڵاترین فەرماندەی دامەزراوەی سەربازی ئێرانی، كە قاسم سلێمانییە، ترامپ گەیشتە ئەو باوەڕەی لێدانێكی لەم جۆرە نیشانەی بەهێزی ئەمریكایە.

پێنجەم: هەڵوێستی ناوخۆی ئەمریكا
ترامپ لەو ماوانەی پێشوو ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی فراوانی دیموكرات و هاوپەیمانە كۆمارییەكانی و میدیا و سەنتەرەكانی هزری ئەمریكی بووەوە، ئەمە‌ش بە هۆی سیاسەتە بێسەرەوبەرەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

لە لایەك ڕووداوەكانی لەگەڵ توركیا بەرەو هەڵكشان بردن و هەڕەشەی ئەوەی كرد سزای بەسەردا دەسەپێنێت ئەگەر هێرش بكاتە سەر خاكی سوریا، دوای هێرشەكەی ئەنقەرە بۆ سەر سوریا لەگەڵ توركیا ڕێككەوت و سزاكانی هەڵپەساردن، دەستبەرداری كوردە هاوپەیمانەكانیش بوو، كە جەنگی دژ داعشیان لەگەڵ ئەمریكا كرد. 

لە ئەفغانستانیش دانوستانی لەگەڵ تاڵیبان ڕاگرت و دواتر دەستیپێكردەوە، هەروەها دڵەڕاوكێ لە گرتنەبەری هەڵوێستێك دژ بە ئێران بە هۆی هێرشی تاران بۆ سەر كەشتی و دامەزراوە نەوتییەكان لە ناوچەكە. 

هەموو ئەمانە متمانەداری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایان لاواز كرد. 

ئەمانە هەموویان فاكتەر بوون، كە ترامپ بڕیاری كوشتنی سلێمانی دەربكات و وای نیشان بدات، كە سەركردەیەكی بەهێزە و دوودڵ نییە لە دەركردنی بڕیارەكان.

ترامپ فشاری ناوخۆی ئەمریكاشی لەسەر بوو‌ بە هۆی ڕێوشوێنەكانی لەكارخستنی، كە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندیان كردووە و لەو چەند هەفتەییەی ئایندە دەچێتە بەردەم ئەنجومەنی پیران، هەروەها فشاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیشی لەسەرە، كە لە 2020 ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر