قەرزەكانی جیهان گەیشتووەتە ژمارەیەكی ترسناك‌و دامەزراوەیەكی جیهانییش هۆشداری دەدات

ئابوری

15/01/2020‌ 705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگای پارەداركردنی نێودەوڵەتی، لەچارەگی كۆتایی ساڵی رابردوو تێكرای قەرزەكانی جیهان بە ٢٥٣ تریلیۆن دۆلار گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی، كە ئەوە دەكاتە ٣٢٢% تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی جیهان .

بەپێی راپۆرتەكە، قەرزی بازارە گەشەسەندووەكان تا كۆتایی مانگی سێپتەمبەری رابردوو گەیشتووەتە ٧٢ تڕیلیۆن دۆلار، كە ئەوە ٣٢٢%ی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەیە، هەروەها قەرزی بازاڕە پێشكەوتووەكان بۆ ١٨٠ تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، كە دەكاتە ٣٨٨%ی تێكرای بەرهەمی ناوخۆییان .

هەروەها پیشبینیشی كردووە، كە لە ساڵی ٢٠٢٠ یشدا قەرزە جیهانییەكان روو لەهەڵكشان بكەن بەجۆرێك ئەگەری هەیە تا چارەگی یەكەمی ئەمساڵ بگاتە ٢٥٧ تریلیۆن دۆلار .

لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش قەرزەكانی هەریەك لە فینلەندا و كەنەدا و فەرەنسا لەچارەگی كۆتایی ساڵی رابردوو بە بەراورد بە چارەگی سێیەمی هەمان ساڵ بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە .

هەرچی بازارە گەشەسەندووەكانە ئەوە هەریەك لە كۆریای باشوور و شیلی قەرزەكانیان زیادی كردووە، بەڵام توركیا و میسر و ئەرجەنتین قەرزەكانیان كەمیكردووە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی