توركیا هەڕەشەی داخستنی "قەڵغانی مووشەكی" ئەمەریكا دەكات

جیهان

19/01/2020‌ 1502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا و هاوپەیمانی ئەتلەسی باكوور ناتۆ بۆ ئاشكراكردنی پێشوەختەی هەر هێرشێكی موشەكێكی، پشت بە راداری "TBY2" لەتوركیا دەبەستن، بەڵام توركیا هەڕەشەی داخستنی دەكات، بۆیە دەكرێت ئەو هەنگاوە وەك "گورزێكی كەمەرشكین" وابێت بۆ قەڵغانی موشەكی ئەمەریكا و هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی .

پێگەی Beyond the Horizon ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، توركیا ناوبەناو هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر بێت و فڕۆكەی شەبەحی "ئیف-٣٥"ی ئەمەریكی وەرنەگرێت ئەوە بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیك‌و پێگەی راداری NA/TPY2 ی تێدابێت بە ئاشكراكردنی پێشوەختەی موشەكەكان، كە دەكەوێتە شارۆچكەی كورجیك باشووری رۆژهەڵاتی توركیا دادەخات .

لە ١٧ی دیسەمبەری ساڵی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا وەك وەڵامێك بۆ هەڕەشەكانی ئەمەریكا بەوەی ئەگەری هەیە بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسییەوە سزا بەسەردا توركیادا بسەپێنرێت، هەڕەشەی داخستنی بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیك و كورجیكی كرد .

سەرەڕای ئەوەی بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیك چەندین ساڵە ئەو گرنگییە ستراتیژییەی نەماوە، بەڵام وێستگەی راداری ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە لە توركیا رۆڵێكی سەرەكی هەیە لە بنیادنانی قەڵغانی موشەكی هاوپەیمانی ناتۆ .

لەساڵی ٢٠٠٩ وە ناتۆ  لەچوارچێوەی قۆناغێكی تایبەتی دانانی قەڵغانی موشەكی هاوپەیمانییەكە لە ئەوروپا ، راداری TBY 2 لە توركیا بڵاوكردووەتەوە، بەشێوەیەك سیستەمی Aegis بەرگری موشەكی، كە ٢٠١٦ وە لە دەریای ناوەراست و كەناراوەكانی رۆمانیا كار دەكات و ئەمساڵیش لە پۆڵەندا كەوتە كار .

رادارەكە لەلایەن كۆمپانیای "رایسۆن"ی ئەمەریكییەوە دروستدەكرێت، كە تایبەتە بە بەدواكەوتنی ئاراستەی موشەكەكان و لەچوارچێوەی سیستەمی قەڵغانی موشەكی ئەمەریكا و ناتۆدا كار دەكات .

لەگەڵ ئەوەی مانگە دەستكردەكان دەتوانن ئاگاداری تەقاندنی موشەكە بالیستییەكان لەسەر زەوی بن، بەڵام زانیاری ورد لەسەر ئاراستەی موشەكەكە نادەن بەدەستەوە تا موشەكی بەرپێگرتن بەرپەرچی بداتەوە .

گرنگی راداری TBY 2 ی جێگیر لە توركیا لەوەدایە، كە ئەو رۆڵە دەگێرێت مانگە دەستكردەكان ناتوانن بیگێرن ، ئەویش دیاریكردنی ئاراستەی موشەكەكانی دوژمن و ناردنی زانیاری وردە بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیجیس" تا لەڕێگای رادارەكەوە بەدوای موشەكی دوژمن بكەوێت و لە ئاسماندا ەرپەرچی بداتەوە .

ئەگەر راداری TBY 2 لەسیستەمی قەڵغانی موشەكی ناتۆ لاببرێت ئەوە مانای وانییە بەتەواوەتی لەكار دەوەستێت، بەڵام تاراددەیەكی زۆر تواناكانی لەڕێگریكردن لە موشەكەكانی دوژمن كەمدەبێتەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی