عەبدولمەهدی لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ هەرێم چەند بەڵێنێكی بە بەرپرسانی كورد داوە

کوردستان

19/01/2020‌ 4116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی ناو شاندەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری كاربەڕێكەر، كە شەممەی رابردووتر بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا ئاشكرایكردووە، كە عەبدولمەهدی سەبارەت بە كەركوك چەند بەڵێنێكی بە بەرپرسانی هەرێمداوە ئەگەر بێت و كورد لەبابەتی دووبارە كاندیدكردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پشتگیری بكەن .

ئەو سەرچاوەیە لەلێدوانێكدا ئاشكرایكردووە، كە شاندی بەغدا بەسەرۆكایەتی عەبدولمەهدی بەهێزە كوردییەكانی راگەیاندووە، ئامادەیە سەبارەت بە پرسی كەركوك نەرمی بنوێنێت، بەتایبەت لە بابەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان، كە ئەوەش لەچوارچێوەی ڕێكەوتنێكی گشتگیردا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بێت.

هەروەها ئاشكرایكرد، پارتە كوردییەكان لەسەر چەند پرسێك لەگەڵ شاندەكەی عەبدولمەهدی بیرورایان جیاواز بووە بەتایبەتی لەبابەتی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا، كە ئەمە وایكردووە ڕێكەوتن لەسەر بابەتەكانی تریش نەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە جەختیكردووەتەوە، كە سەرەڕای ئەوەی ڕێكەوتن لەنێوان شاندەكەی بەغدا و بەرپرسانی هەرێم نەكراوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی سیاسییە عەرەب و توركمانەكان، بەڵكو بەگومانن لەوەی كەركوك ببێتە بەشێك لەمامەڵەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بوونی دانوستانی ئاستبەرز بەمەبەستی كردنەوەی بارەگاكانی  پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك، كە لەدوای رووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ داخرابوون .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە