شكستهێنانی موقتەدا سەدر لەدامركاندنەوەی خۆپێشاندانەكان

ڕاپۆرت

09/02/2020‌ 1734 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شكستهێنان لە دامركاندندنەوەی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی عێراق، سەدری خستووەتە دۆخێكی ناهەموارەوە، ئەمەش سەرباری ئەوەی چەندەها ڕێباز و شێوازی سەركوتكەرانەی لە كوشتن و ڕفاندن و گرتن و شەشكەنجەدان گرتنەبەر، كەچی هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە سەركەوتوو نەبوون.

ماوەی 10 ساڵە سەدر لەناكۆكییەكی توندایە لەگەڵ لایەن و پارتە سیاسییە عێراقییەكانی سەر بە ئێران،‌ ئەمەش بەشداریكردنی ئەوی لەدەسەڵاتدا سنوردار كرد، بەڵام تەڵەزگەی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، وایكرد بۆ دامركاندنەوەی ئەو ناڕەزاییانەی لە نێو چین و توێژە هەژارو پەراوێزخراوەكانی شیعەدا پەنگیان خواردبووەوە، پەنا بۆ سەدر بەرن، بەو ئومێدەی لە دامركاندنەوەی ئەو توڕەییە جەماوەرییە سەركەوتوو بێت كە هەڕەشە لە دەسەڵاتی ئێستای عێراق دەكات.

سەدر ئەو كاتە هێڵە سورەكەی بەزاند، كە فەرمانی بە لایەنگرانی لە "كڵاو شینەكان" كرد خۆپێشاندەران سەركوت بكەن، ئەمەش دوای ئەوەی شكستیهێنا لەوەی‌ پەرتەوازە و تاروماریان كات، بەوەی لایەنگرەكانی لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندانەكان كێشایەوە.

ئەنجامی دوا جوڵەی سەدر پێچەوانە بووەوە، كاتێك خۆپێشاندەران مكوڕبوون لەسەر ڕاپەڕینەكەیان و خودی "سەدر"یشیان كردە ئامانجی دروشمەكانیان، كە ڕەتكردنەوەی فەرمانڕەوایی ڕژێمەكەی ئێستای عێراقە.

سەدر زیانیشی بە ئابڕوومەندی پیاوە ئاینییە شیعەكان و خودی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بۆگەڕاوەی‌ نەجەف گەیاند،‌ كە لە ساڵی 2003 وە حوكمڕانی عێراق پشتییان پێدەبەستێت، بۆیە چی دیكە وتاری هەینی بۆگەڕاوەی نەجەف جێگەی گرنگیپێدانی زۆری خەڵك نەماوە وەك‌ دووبارە و ڕۆتین تەماشای دەكەن.

وتارەكەی هەینی ڕابردووی‌ سیستانی، كە ئەحمەد سافی نەجەفی لە بری ئەو خوێندییەوە، ڕسواكردنی سەركوتكردنی خۆپێشاندەران بوو، دواشیكرد بەدەم دوای خۆپێشاندەرانەوە بچن و بە زوویی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری بكەن.

لە ئێستادا سەخت و دژوار بووە بۆشاییە گەورەكەی دەسەڵات و قۆناغی دوای عادل عەبدولمەهدی پڕ بكرێتەوە، محەمەد تۆفیق عەلاویش تووشی ئاستەنگی جەماوەری بووە لەقبوڵكردنی حكومەتەكەی، بەمەش‌ ڕژێمی فەرمانڕەوایی عێراق هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە.

خۆپێشاندەرانیش ئاڵێنگاری میلیشیاكانی سەدر و هێزە حكومییەكانیان كرد، هەڕەشەی ئەوەیان كرد‌ ئەگەر دەسەڵاتداران ڕاپرسییەكی جەماوەری ئەنجام نەدەن بۆ دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراق، ئەوان دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەبەن .

موعن جابری هەماهەنگكاری خۆپێشاندانەكانی پارێزگای زیقاڕ، لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی، لەگەڵ خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانەكانی دیكەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور و گۆڕەپانی تەحریر، رێككەوتوون ڕاپرسییەكی جەماوەری بكرێت بۆ دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش تەنیا هەفتەیەكیان وەك دوا مۆڵەت بۆ دەسەڵاتداران دیاریكردووە تا ئەو كارە ئەنجام بدەن.

جابری وتیشی: ئەوان ئەو كەسایەتییانە دەستنیشان دەكەن جێگەی مشتومڕ و دەمەتەقێكاری نین و لەگەڵ ڕاوبۆچوونی بۆگەڕاوەی نەجەفیش دێنەوە و كۆدەنگی نیشتمانیشیان لەسەرە.

ئامادەسازی و ئەنجامدانی ڕاپرسیش كاتێكی زۆری دەوێت، بۆیە ئەم بژاردەیە لە ئێستادا سەخت و دژوارە بێتەدی، دیارە كە ئەم داواكاریەش بۆ فشارخستنەسەر هێزە سیاسییەكانە، لە دۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆ محەمەد تۆفیق عەلاوی.

هاوكات كامل جبوری هەماهەنگكاری گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكان وتی: لەگەڵ گۆرەپانەكانی دیكەی خۆپێشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور ڕێككەوتوون، بۆ كۆتاییهێنان بەو تەنگژەیەی ئێستا، ڕاپرسییەكی جەماوەری ساز بكەن.

جبوری ئەوەشی وت: ئەگەر حكومەت بە دەم  داواكارییەكەیانەوە نەیەت، ئەوان دۆخە بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەبەن، بەوەی هەموویان ڕوو دەكەنە ناوچەی سەوز لە بەغدا و گەمارۆی دەدەن و بڕیارسازانیش ناچار دەكەن داواكانیان جێبەجێبكەن.

بە درێژایی چەندەها مانگی پێشوو لایەنگرانی سەدر دژ بە حكومەت خۆپێشاندانیان دەكرد، بەڵام لە لەناكاو بە فرمانی سەدر پاشەكشەیان كرد، بەمەش هاوڕێكانیان لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندانەكان جێهێشت، ئەوان ئێستا وەك ناپاكێك تەماشای سەدر و لایەنگرانی دەكەن، كە پیشتر پارێزەر و هاوپەیمانی جەماوەر بوون.

مونا، كە یەكێكە لە ڕێكخەرانی خۆپێشاندانەكان، لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس وتی:  لە سەرەتای خۆپێشاندانەكاندا، "ئێمە خواردنمان بۆ لایەنگرانی سەدر دەبرد، چۆن دەبێت ئێستا ئەوان بەم شێوەیەی مامەڵەمان لەگەڵ بكەن، من لە سەرەتاوە زانیم دەستبەردارمان دەبن".

لەئێستادا سەدر هەڵویستی خۆی گۆڕیووە و پشتیوانی محەمەد تۆفیق عەلاوییە. پێشتریش سەدر دەسەڵاتی بە گەندەڵكاری تۆمەتبار دەكرد.

خۆپیشاندەرانیش عەلاوی ڕەتدەكەنەوە، كە پێشتر دووجار وەزیر بووە، ئەوان دوای جێگرەوەیەكی عەلاوی دەكەن.

لەسەرتادا سەدرییەكان بەشداری خۆپیشاندانەكان بوون، خۆراك و دەرمان و پێداویستییەكانیان بۆ بەشدرابوون دابین دەكرد. لە پەرلەمانیش كە خاوەن گەورەترین فراكسیۆنن، بەربەستێك بوون لە بەردەم دەسەڵات لەوەی خۆپێشاندەران سەركوت بكەن.

خۆپیشاندەران دەڵێن لایەنگرانی سەدر ئەمبەر و ئەوبەر دەكەن و هەرجارە و هەڵوێستێكیان هەیە، ئەوان بە گوێرەی تویتەكانی سەدر جوڵە دەكەن و هەڵوێست وەردەگرن.

لە دوا خۆپێشاندانی قوتابیان لە بەغدا، خۆپیشاندەران دروشمی دژ بە سەدریان بەرزكردبۆوە، بە ڕاشكاوی تۆمەتی‌ سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانیان داوەتەپاڵ‌.

عەلی، كە یەكێكە لە خۆپێشاندەران دەڵێت، لەو ماوەی دوایدا لایەنگرانی سەدر بە خۆیان و تیڵاو داردەستەكانیانەوە هەڕەشەمان لێدەكەن، مستەفاش دەڵێت ئەوان لە هەموو لایەكەوە دەورەدراون، حكومەت و پارتە سیاسییەكان و تەنانەت سەدڕییەكانیش سەركوتیان دەكەن.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر


بەپەلە