سەرۆكایەتی كۆمار: زۆرینەی پارت‌و فراكسیۆنە سیاسییەكان بەكاندیدكردنی عەلاوی رازی بوون

عیراق

25/02/2020‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، جگە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، زۆرینەی پارت و فراكسیۆنە سیاسییە شیعەكان، بەو بڕیارە ڕازیبوون و پەسەندیان كردووە.

سەرچاوەكە راشیگەیاند، سەركردە سوننە و كوردەكانیش لەسەر ناوی عەلاوی سازاون، 56 پەرلەمانتاریش لە فراكسیۆنە جیاوازەكان یاداشتنامەیەكیان لەو بارەوە واژوو كردووە.

سەرچاوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە ئەوەشی راگەیاند، كە  دوای ئەوەی پارت و لایەنە سیاسییەكان، جەختیان لە پاڵاوتن و سازان لەسەر ناوی عەلاوی كردووەتەوە‌، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق، بە گوێرەی بنەما دەستورییەكان، كە لە بەندی 76 ی دەستووردا ئاماژەی پێكراوە، عەلاوی بۆ پێكهینانی حكومەتی تازەی عێراق ڕاسپاردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكرا كردوە، دوای ئەوەی هەریەك لەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی هێزەكان (القوی) لەسەر ناوی عەلاوی سازاون، عەلاوی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ڕاسپیردراوە، زۆرینەی هێزە سوننی و كوردییەكانیش پێی ڕازی بوون، پێش ئەوەی عەلاوی ڕاسپێردێت، ئەو لایەنانە پاڵاوتنی ناوبراویان لە لای سەرۆكی كۆمار پەسەند كردووە.

سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە بەڵگەنامە دەستنووسەكان و ڤیدیۆ تۆماركراوەكان، ناڕاستی و چەوتی ئەو قسە هەڵبەستراوانە بەتاڵ دەكەنەوە كە هەندێك لە لایەنە ‌سیاسییەكان هەڵیان بەستوون، بەوەی عەلاوی پاڵێوراوی سەرۆكی كۆمارە نەك پاڵێوراوی هێزە سیاسییەكانی عێراق بێت.

هەروەها سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردەوە، نوێنەری هەریەك لە فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی وەك هادی عامری لە هاوپەیمانی فەتح، عەدنان فیحان لە عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەحمەد ئەسەدی پەرلەمانتار و چەند سەركردەیەكی دیكەی ناسراو، ئامادەی ئەو پەسەندكردنەی ناوی عە‌لاوی بوون، داواشیان لە سەرۆك كۆمار كردووە بە فەرمی ڕایسپێرێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

هـ ـ ح