مامەڵەی چەك.. سعودییە گەورەترین كڕیاری چەكە لە جیهاندا

لە میدیاکانەوە

17/03/2020‌ 636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێكی پەیمانگای ستۆكهۆڵم بۆ لێكۆڵینەوەكانی ئاشتی (سیبری)، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی پەیمانگا سویدییەكە لەساڵی ٢٠٠٣ وە فرۆشتنی چەك لەسەر ئاستی جیهان بەرزبووەتەوە، بەجۆرێك لەنێوان ساڵەكانی ٢٠١٥-٢٠١٩ بەراورد بەساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ لەرووی برەوە بەڕێژەی ٥،٥٪ بەرزبووەتەوە .

پیتەر ویزمان توێژەر لە پەیمانگاكە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتی: بەتێكرایی فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی زیادی كردووە، پێشتر داواكاری لای وڵاتانی هاوردەكار بەرزبوو، زیادبوونیشی بەخۆوە بینیوە.

لەو ماوەی ئەو پێنج ساڵەی دواییدا هاوردەكردنی چەك لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێژەی ٦١٪ زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٣٥٪ ی تێكرای هاوردەكردنی چەك لەجیهاندا.

سعودییە پلەی یەكەمی گرتووە لە هاوردەكردنی چەك و چۆڵ لەجیهاندا بەجۆرێك لەدوای زیادكردنی بڕی هاوردەكردن بەڕێژەی ١٣٠٪ پێش وڵاتی هیندستان كەوتووەتەوە.

ئەمەریكاش دابینكەری سەرەكی چەكی سعودییە و ٧٣٪ی هەموو هاوردەی چەكی ئەو وڵاتە پێكدەهێنێت، لەدوای ئەو بەریتانیا ١٣٪ی چەكی سعودییە دابین دەكات.

هەرچی فەڕەنسایە سێیەم دابینكەری چەك و چۆڵی سعودییەیە، كە بەگوێرەی داتاكان لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا چەكی فەرەنسی  ٧،٩٪ی  هەموو بازاڕی فرۆشتنی چەكی لەجیهاندا داگیركردووە، بەوەش بەراورد بە ساڵانی نێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ بەڕێژەی ٧٢٪ زیادی كردووە.

پەیمانگاكە راشیگەیاندووە، لەساڵی ١٩٩٠وە هەناردەی چەكی فەرەنسی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی، كە داواكاری لەسەر چەكی فەرەنسی ٢٦٪ی لەلایەن میسرەوەیە و ١٤ ٪ لەلایەن وڵاتی قەتەر، ١٤٪ ش لەلایەن وڵاتی هیندستانەوەیە.

ئەمەریكا بەڕێژەی ٣٦٪ بەردەوامە لە كۆنترۆڵكردنی بازاڕی فرۆشتنی چەك لەجیهاندا، كە لەدوای ئەو روسیا دێت، كە بۆ ٢١ ٪ی بازاڕی فرۆشتنی چەكی لەجیهاندا بۆخۆی گرتووە.

لەماوەیەدا ئاسیا و ئۆقیانووسیا پلەی یەكەمی هاوردەكردنیان گرتووە بەجۆرێك ٤١٪ی هاوردەی جیهانیان لە كڕینی چەكی كلاسیكی پێكهێناوە .

ئەوە لەكاتێكدایە وڵاتی هیندستان هاوردەكردنی چەكی بەڕێژەی ٣٢٪ كەمكردووەتەوە، كە پێشتر گەورەترین هاوردەكاری چەك بوو لەجیهاندا، هەروەك پاكستانی دراوسێشی بەڕێژەی ٣٩٪ هاوردەكردنی چەكی كەمكردووەتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو دوو هێزە ناوەكییە ماوەیەكی زۆرە سیاسەتی بەرهەمهێنانی چەكیان لەناوخۆدا گرتووەتە بەر، بەڵام هێشتا بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە هاوردەكردن دەبەستن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی