ئەو نهێنییانەی هاوكاری چینی كرد بۆ سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا

مەلەفی تایبەت

25/03/2020‌ 2280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (كۆمسۆمولسكایا پرافدا) دەربارەی ئەو پەندانەی سودیان هەیە لە ئەزموونی وڵاتی چین لە لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەستانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە راپۆرتێك بڵاوكراوەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، ئەوروپا و ئەمریكا پێشبڕكێیانە لە تۆماركردنی ژمارەی نوێی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كەچی ئەوەی پێش چوار مانگ لەوڵاتی چین بڵاوبووەوە ئێستا لە پاشە كشەدایە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، دەربارەی ئەمە، شارەزا لە كاروباری چینیی سێرگی بۆرانۆك دەڵێت: دەكرێ ستراتیژییەتی چین بەم شێوەیە بخەمڵێنرێت، ئەویش : 

یەكەم: 
شارەزایی مەزنی رەفتار كردن لەگەڵ سەرجەم پەتاكان، پێش هەموو شتێك، ئەزموونی ئیدارەدانی كۆمەڵگەو ئابووری و رووبەرووبوونەوەی مەترسییەكان.

دووەم: 
وەبەرهێنان لە زانستەكاندا، لە كۆتایی هەشتاكانەوە، چین بە شێوەیەكی بەردەوام داهێنان دەكات، لە نێویاندا زانستی پزیشكی.

سێیەم: 
متمانەی ئالۆگۆڕی نێوان خەڵك و دەسەڵات، خەڵكی وایان دەبینی بەرپرسەكان (پزیشك و سەربازو ئەندازیارەكان)، ئەوەی پەیمانیان داوە بە راستی جێبەجێیدەكەن، كاتی كۆتایی بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە یان پاشەكشەی پەتاكە و رێزگرتنی ئەو كاتانەی بۆیان دانابوون. 

هەموو ئەمانە وای كرد خەڵكی متمانەی بە رێكارەكانی دەوڵەت هەبێت، هەتا ئەگەر زۆر قورسیش بێت بۆ كەرەنتینە كردنی گشتی، بەوەی لەسەر حەقن و پێویستە جێبەجێ بكرێن.

چوارەم: 
چین نەترسا لە كارلێكردنەكان لەگەڵ جیهاندا، لەگەڵ وڵاتانی تر یان رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەك رێكخراوی تەندروستی جیهانی، كاتێك رۆژئاوا دوای پەتاكە بەسەر وڵاتەكەیەندا دادەخرێن.

پێنجەم: 
پایەكانی دەسەڵات لە پەراوێزدا نەبوون، دیارە چین تەنیا حكومەت بەڕێوەی نابات، بەڵكو حیزبی شیوعیش، كە بنەمای پەیوەندی سەرەكی كۆمەڵگەیە و بڕیارە سەرەكییەكان ی وەك (كەرەنتینە كردن لە هەرێمێكی دیاریكراو) تەنیا لەلایەن دەسەڵاتە لۆكاڵییەكانەوە نەدرا، بەڵكو حیزبیش بەشدار دەبوو تێیدا.

شەشەم: 
تەكنەلۆجیای نوێ، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە رووبەرووبوونەوەی پەتاكە بە جێبەجێكردنی بەرنامەی (هێمای تەندروستی) لەسەر مۆبایل و هەموو چینییەك پێویست بوو دایبەزێنێت. 

ئەم بەرنامەیە دۆخی تۆی پیشان دەدا، سەوز، هەموو شتێك باشە، زەرد دەبێ ئاگاداربیت، سوور: دانیشتن لە كەرەنتینە. 

بەهۆی ئەوەی تەلەفۆنی زیرەكیش شوێنەكەت دیاری دەكات، ئەگەر تۆ لە دۆخی رەنگی سوور بێت نابێت ماڵەكەت جێبهێڵیت، ئەگەر ئەنجامیشت دابا؛ سزا دەدرایت.

حەوتەم و لە هەموان گرنگتر: 
دەركەوت ستراتیژیەتی دابڕینی توندوتۆڵی ناوچە توشبووەكان زۆر تەندروست بووە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا