توركیا چەكدارە سورییەكانی لە لیبیا دەستخەڕۆ كردووە

ڕاپۆرت

31/03/2020‌ 2856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەكدارە سورییەكان، كە توركیا ڕەوانەی لیبیای كردوون، تووشی جۆرێك لە پشێوی و پاشاگەردانی بوونەتەوە، شەڕیش بەخەستی لە نێوان سوپاسی نیشتمانی لیبیا و چەكدارانی حكومەتەكەی فایز سەڕاج دەستی پێكردووەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، چەكدارە سورییەكانی لیبیا، هەست بە دوڕدۆنگییەكی (بێزاری) زۆر دەكەن، چونكە توركیا ئەو بەڵێنانەی نەبردوونەسەر، كە پێ دابوون، ئێستاش لەدۆخێكی خراپدا دەیگوزەرێنن.

یەكێك لە چەكدارەكان لە تۆمارێكی دەنگیدا، باس لە پەشیمانبوونەوەی هەموو چەكدارە سورییەكان دەكات بە هاتنیان بۆ لیبیا، دەشڵێت: توركیا بەڵێنەكانی بۆ نەبردوونەتە سەر و ئەوان كەوتوونە تەڵەزگەیەكی گەورەوە.

لە چەند مانگی پێشوودا، توركیا هەزارەها چەكداری سوری بردوونەتە لیبیا بۆ پشتیوانیكردن لە میلیشیا چەكدارەكانی حكومەتەكەی سەڕاج و بەرگرتن بەپێشڕەووی هێزەكانی سوپای نیشتمانی لیبیا بەرە و دەوروبەری تەڕابلوسی پایتەخت.

توركیا لەو پرسەدا، سیاسەتێكی دووسەرەی لەگەڵ ئەو چەكدارە سوریانەدا پیادە كردووە، لە لایەك بەڵێنی بەخشینی پارە و پولی پێداون و لە لایەكیش ترساندونی.

ئەو چەكدارە لەو تۆمارە دەنگییەدا، داوای لەو كەسانە كردووە نیازیان هەیە بچنە لیبیا، بە بڕیارەكەی خۆیاندا بچنەوە، چونكە دۆخی ئەوان زۆر نالەبارە.

چەكدارەكە باسی ئەوەشی كردووە، كە توركیا ئەو بەڵێنانەی نەبردوونەتە سەر، كە پێی دابوون، كە بڕیار بوو مانگانە 2000 دۆلاری ئەمریكی وەربگرن. 

لەو بارەوە چەكدارەكە دەڵێت: توركیا تەنیا مانگی یەكەم ئەو بڕە پارەی پێداون، دواتر هیچی دیكەی پێ نەداون.

چەكدارەكە دەشڵێت: ئەوان ئێستا لە چەند ماڵێكدا نیشتەجێن و وەك دیل وان، لە زۆربەی كاتیشدا تەنانەت جگەرەشیان دەست ناكەوێت بیكێشن، ناشوێرن لە ترسی شانە نووستووەكانی هێزەكانی سوپای لیبیا، بچنە نێو ناوچە قەڕەباڵغەكانەوە.

هەروەها چەكدارەكە دەڵێت: دەمانەوێت بگەڕێینەوە سوریا، چەند یەكەیەكیش لە فەیلەقی شام خۆیان ئامادە كردووە بۆ گەرانەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، پێشتر باسی لە كەمكردنەوەی كرێی ئەو چەكدارە سورییانەی كردبوو، كە توركیا ڕەوانەی لیبیای كردوون و ژمارەشیان گەیشتووەتە 6000 چەكدار، 1900 چەكداری دیكەش لە سەربازگەكانی توركیادا خەریكی مەشق و ڕاهێنان.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا، 8 لەو چەكدارانە كوژراون، بەمەش ژمارەی سەرجەم كوژراوانی ئەو چەكدارە سورییانە لە لیبیا كەیشتووەتە 151 چەكدار، كە زۆرینەشیان سەر بە (لیوای موعتەسەم و فیرقەی سولتان موڕاد و لیوای هەڵۆكانی شام و لیوای حەمزە و لیوای سلێمان شان)ن.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر