كوردو سوننە دڵنیاییان داوەتە هاوپەیمانی فەتح

کوردستان

01/04/2020‌ 1714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حامید عەباس پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: رەزامەندی كورد و سوننە لەسەر كەسایەتی عەدنان زورفی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو پەیوەستە بەرەزامەندی زۆرینەی كوتلە شیعییەكان لەسەری، جەختیش دەكاتەوە زورفی بەهۆی شێوازی راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە كابینەكەی لە پەرلەماندا تێناپەڕێت .

عەباس لەلێدوانێكدا دەشڵێت: پارتە كوردییەكان و هێزە سونییەكان پەیامێكی روونیان ناردووە، كە ئەویش ئەوەیە ئەوان پشتیوانی راسپاردنی زورفی ناكەن مادام زۆرینەی ناوماڵی شیعە پشتیوانی راسپاردنی نەكەن.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوەش كردووە، كە هەڵوێستی كوتلە سیاسییە كوردییەكان مەرجدارە بەوەی زورفی لەگەڵ زۆرینەی لایەنە شیعییەكاندا ڕێكبكەوێت، بەپێچەوانەی ئەوەوە هەڵوێستی ئەوانیش هاوشێوەی هەڵوێستی سەرجەم لایەنە شیعییەكان دەبێت.

ئەو روونیكردووەتەوە، كە زورفی لەژێر سایەی ئەو بەرهەڵستییە گەورەیەی لەناو پەرلەماندا لەلایەن زۆرینەی كوتلە سیاسییەكانەوە رووبەرووی زورفی دەبێتەوە بەتایبەتی لەسەر شێوازی راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە ناتوانێت پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.

دوای ئەوەی لیژنە حەوت كەسییەكەی لایەنە شیعییەكان لەسەر پاڵێوراوێكی تەوافوقی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق رێكنەكەوتن، رۆژی ١٦ی مارس سەرۆك كۆمار عەدنان زورفی سەرۆكی كوتلەی نەسر و پارێزگاری پێشووی بۆ ئەو پۆستە راسپارد، كە ئەوە بووە هۆی ئەوەی لەلایەن بەشێك لە هێزە سیاسییە دیارەكانی شیعەوە رەتبكرێتەوە و هەوڵ بدەن كەسێكی تر بۆ جێگای ئەو دەستنیشان بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی