لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەنانە لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرێت

تەندروستی

21/05/2020‌ 436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وڵاتانی ئەندامی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی رازی بوون لەسەر ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی وەڵامدانەوەی جیهانی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید-١٩" بكرێت .

ڕەزامەندییەكە بەكۆدەنگی هەر ١٩٤ ئەندامەكە و لەمیانی كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوی تەندوروستی جیهانی بووە، كە لە جنێڤ و لەڕێگای ئینتەرنێتەوە بەڕێوەچوو، بڕیارەكە بەشێوەیەكە ڕێگە دەدرێت لێكۆڵینەوە لەبارەی رۆڵی ڕێكخراوەكە لەكاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بكرێت، هەروەك چۆن داوا دەكات هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانە و بێلایەنانە لەبارەی وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی قەیرانەكە بكرێت .

لای خۆیشییەوە تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆس سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشوازی لە بڕیارەكە كرد بۆ دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر و سەربەخۆ لەبارەی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا .

هەروەها بەپێی بەڵگەنامەیەك، كە رۆژی دووشەممە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە پرۆژە یاسایەك لەلایەن یەكێتی ئەوروپا و ئوسترالیاوە پیشكەش كراوە و تێیدا داوای پێداچوونەوەیەكی سەربەخۆ بۆ بنەچەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی دەكەن، كە ١١٦ دەوڵەتی ئەندامی ڕێكخراوەكە پشتیوانیان كردووە، كە ئەمەش بەسە بۆ تێپەڕاندنی .

مانگی رابردوو چین زۆر بەتوندی دژ بە داواكارییەكی ئوسترالیا وەستایەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ لەبارەی هۆكار و سەرچاوەی نەخۆشییەكە بكرێت، كە بەقسەی ئەوان كاتی ئەوە بەسەرچووە بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و سەرچاوەكەی بكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی