پارتی سوور نییە لەسەر كاندیدكردنی فوئاد حوسێن‌و ئامادەیە بیگۆڕێت

کوردستان

25/05/2020‌ 1138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، پارتی سوور نییە لەسەر كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەو ڕوونیشیكردووەتەوە، دوای دەستبەرداربوونی كوتلە سیاسییە گەورەكان لەمستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دۆخی سیاسی عێراق بۆ دۆخێكی ناباو نامۆ گۆڕدراوە.

بەرواری لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "ئەخبارییە" وتی: پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت بەرهەڵستی كوتلە سیاسییەكان لە كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی بۆ قەیرانێكی سیاسی  بگۆڕێت و ئامادەیە كەسایەتییەكی تر بۆ ئەو پۆستە پێشكەش بكات.

بەرواری روونیكردووەتەوە، دانوستانە سیاسییەكان بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی كاندیدی ئەو وەزارەتانەی بەر كورد دەكەون بەردەوامە، بۆ ئەوەش هێزە كوردییەكان لەخەمی چارەسەركردنی ناكۆكییە سیاسییەكاندان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی شەممە ئیدریس شەعبان كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق بەرهەڵستی كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە ناكات.

شەعبان ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، كە كورد خۆیان یەكلاییكردووەتەوە و زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان بە كاندیدەكەمان قایلن، هەندێك لایەن تەنیا بەرهەڵستی پیشان دەدەن بێ ئەوەی نارەزایەتییەكەیان لۆژیكی یان تەكنیكی بێت . 

بەقسەی ئەو پاڵێوراوانی كورد بریتین لە خالید شوانی بۆ پۆستی وەزارەتی داد و فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، لەدوای جەژنیش لەناو پەڕلەمان دەنگ بۆ متمانەپێدانیان دەدرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی