پارتی بەهۆكاری دواكەوتنی پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵە وەزارییەكانی حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكرێت

کوردستان

28/05/2020‌ 761 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
غایب عەمیری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، تەواوكردنی كابینەكە وەزارییەكەی مستەفا كازمی پەیوەستە بە یەكلاییكردنەوەی پاڵێوراوانی هەردوو پۆستی وەزارەتی نەوت و دەرەوە .

عەمیری لەلێدوانێكدا وتی: ئەو وەزارەتانەی ماون پڕبكرێنەوە وابڕیار بوو پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز تێپەڕێنرێن، بەڵام ناكۆكی لەسەر هەندێك لە ناوە پێشنیازكراوەكان هۆكاری دواكەتنی پڕكردنەوەیان بوون .

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، راوێژە سیاسییەكان بەردەوامن لەپێناو گەیشتن بە ڕێكەوتنێك لەسەر ناوێك، كە جێگای رەزامەندی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت .

وتیشی: ئەو وەزارەتانەی ماون لەدوای جەژنی رەمەزان دەنگیان لەسەر دەدرێت، هۆكاری دواكەوتنیشیان نەگەیشتن بەڕێكەوتن بووە لەسەر ناوی پاڵێوراوانی پۆستی هەردوو وەزارەتی نەوت و دەرەوە.

بەقسەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیروون وەزارەتی نەوت دراوەتە بەسڕەییەكان، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر ناویان رادەست كردووە، بەڵام هێشتا لەسەر كەسێك یەكلایی نەبوونەتەوە، ئەوە جگە لە سووربوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر كاندیدكردنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە تەواكردنی كابینە وەزارییەكەی مستەفا كازمی دواخستووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی