بەراوردێك لەنێوان موشەكی "كالیبێر"ی روسی و "تۆماهۆك"ی ئەمەریكی

لە میدیاکانەوە

31/05/2020‌ 562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكی كەم پێش ئێستا كەشتییەكی موشەكیی رووسی بچووك "ئۆریخۆفۆ-زویفۆ" لەدەریای ناوەڕاست راهێنانی سەربازی دەكرد، سینارۆیۆكەش بریتی بوو لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێكی ئاسمانی دوژمنێكی گریمانەیی. 

لەمیانی راهێنانەكەدا تیمی كەشتییەكە توانیان ئامانجە ویستراوەكە دەستنیشان بكەن و بەسەركەوتوویی لەناوی بەرن.

بەگوێرەی رۆژنامەی "سوها" ی ڤێتنامی، شارەزا سەربازییە ڤێتنامییەكان پێیانوایە كەشتییە مووشەكییە بچووكەكەی روسیا تەنانەت بەرانبەر بەدوژمنێكی گەورەش هێزێكی زەبەلاحی هەیە.

شارەزا ڤێتنامییەكان لەرۆژنامەكەدا وتوویانە: كەشتی ئۆریخۆفۆ-زویفۆ وەك كەشتییە موشەكییە گەورەكانە لەپرۆژەی "بوجان ئێم". 

لەبەر ئەوەی ئەو كەشتییە بە موشەكی كرووزی جۆری "كالیبێر" پڕچەك كراوە، كە بۆ لێدانی ئامانجە دەریایی و كەناراوییەكان دیزاین كراوە.

بەهۆی ئەو چەكە بەهێزەوە، بوجان ئێم دەتوانێت زۆرترین ئەرك جێبەجێبكات، كە بەقسەی شارەزا سەربازییەكان مووشەكی كالیبەر دەتوانێت ئامانجەكان لەدووری ٢٦٠٠ كیلۆمەتر بپێكێت، ئەوە سەرباری ئەوەی دەتوانێت خۆی لەهەموو سیستەمە بەرگرییەكان دەرباز بكات و تێیانپەڕێنێت، كە ئەگەر بێت و  لەگەڵ مووشەكی تۆماهۆكی ئەمەریكی بەراورد بكرێت، كە ئەو بەراوردە لەبەرژەوەندی موشەكە ئەمەریكییەكە نابێت.

شارەزا سەربازییە ڤیتنامییەكان باس لەوەش دەكەن، موشەكە روسییەكە لەكاتی فڕینیدا ئاراستە و بەرزییەكەی بەشێوەیەكی بەردەوام دەگۆڕێت، كە ئەمە وادەكات بۆ دوژمن قورس بێت بیدۆزێتەوە.

بەڵام موشەكی تۆماهۆكی ئەمەریكی تاڕاددەیەك لەهەموو رووەكانەوە چەكێكی كۆنە، بۆیە ناتوانێت بەسەر موشەكە روسییە گەنجەكەدا سەربكەوێت، بەجۆرێك ئەگەر بێت و كەشتییەكی روسی بە موشەكی كالیبەر تەیار كرابێت ئەوە دەتوانێت بەسەر نەیارە ئەمەریكییەكەیدا سەربكەوێت، كە بە موشەكی تۆماهۆك تەیار كراوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی