پارتی هەڵوێستی لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی راگەیاند

کوردستان

06/06/2020‌ 6407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، پارتەكەی لەگەڵ یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانە و دەشڵێت: پارتی و یەكێتی لەبارەی پرسە ستراتیژی و نیشتمانییەكان دەگەنە ڕێككەوتن و پارتی ئامادەیە بۆ تەباییی نێوان لایەنەكان لەپێناو بەرەژەوەندی گشتی.

بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لە ھەولێر بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، پارتی لە ھەموو یحزبێك زیاتر درك بەوە دەكات، كە "ئامانجەكانمان بە یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان دێنە دی،  پێویستە لایەنە كوردستانییەكان لەسەر پرسە نیشتمانی و ستراتیژییەكان یەكگرتوو بن، بۆ نموونە كارەساتێكی وەك كۆرۆنا ڕوو لەھەرێمی كوردستان دەكات ئەوە ئەركی ھەموو لایەكە بەرەنگاری ببینەوە، لەبەرانبەر بەغدا كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان و یەكڕیزی ئەركی ھەموو ھێزەكانە، چونكە ناكرێت لەسەر پرسێكی زۆر بچووك یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان تێك بدرێت.

بەرپرسەكەی پارتی راشیگەیاند، ئێمە وەك پارتی لەگەڵ یەكڕیزی و تەباییی لایەنە سیاسییەكانین، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی، كە خەباتێكی درێژمان پێكەوە ھەیە، ئەزموونی ڕابردووش سەلماندوویەتی كاتێك پارتی و یەكێتی تەبا بن زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكرێت و پڕۆسەی ئاوەدانیش گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

لەبارەی ھۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی، بڵند ئیسماعیل ڕوونیكردەوە، دوو جار بڕیار بوو ئێمە و برادەرانی یەكێتی لەسەر پرسە ستراتیژییەكان كۆببینەوە، بەڵام بەداخەوە برادەرانی یەكێتی ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكان بوون.

بڵند ئیسماعیل هەروەها رایگەیاند، كە پێویستە سەركردایەتیی نوێی یەكێتی گەورەیی و مێژوو و پێگەی پارتی لەبەرچاو بگرێت، بەتایبەتی مەرجەعییەتی پارتی، كە بارزانییە، ئێمە وەك پارتی پێمان وایە ھیچ ڕێگایەكی دیكەمان لەبەردەمدا نییە جگە لە كۆبوونەوە و یەكڕیزی، لەگەڵ ھەموو لایەنەكانیش بە ھەمان شێوە، لەبەر ئەوەش، دڵنیاین پارتی و یەكێتی ھەردەگەنە ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتن لەبارەی كۆی پرسەكانەوە.

هـ ـ ح