دوای هەشت هەفتە لەڕاگرتن؛ عێراق هەناردەکردنی نەوتی بۆ ئەمریکا دەستپێکردەوە

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا ئاشکرایدەکات، دوای وەستانێکی بەردەوام بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەمریکا هاوردەکردنی نەوتی خاوی لەعێراقەوە بەتێکڕای 43 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستپێکردوەتەوە.


بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، واشنتۆن لەهەفتەی ڕابردودا جارێکی دیکە دەرگای بەڕوی نەوتی عێراقدا کردوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت هەفتەی لەسەریەک، هیچ بڕە نەوتێکی لەعێراقەوە هاوردەنەکردبوو.

ئیدارەی وزەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، کۆی گشتیی هاوردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەی لەهەفتەی ڕابردودا گەیشتوەتە پێنج ملیۆن‌و 720 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە بەبەراورد بەهەفتەی پێشتر (پێنج ملیۆن‌و 227 هەزار بەرمیل) بەبڕی 463 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا زیادیکردوە.

به‌گوێره‌ى ئامارەکان، ریزبەندیی ئەو وڵاتانەی زۆرترین نەوتیان بۆ ئەمریکا هەناردەکردوە بەمشێوەیەیە:
1ـ کەنەدا: سێ ملیۆن‌و 918 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
2ـ ڤەنزوێلا: 734 هەزار بەرمیل.
3ـ مەکسیک: 293 هەزار بەرمیل.
4ـ سعودیە: 216 هەزار بەرمیل.
5ـ گویانا: 191 هەزار بەرمیل.
6ـ نایجیریا: 137 هەزار بەرمیل.
7ـ بەڕازیل: 121 هەزار بەرمیل.
8ـ کۆڵۆمبیا: 67 هەزار بەرمیل.
9ـ عێراق: 43 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.


هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، ئەرجەنتین لەماوەی هەفتەی ڕابردودا هیچ بڕە نەوتێکی هەناردەی ئەمریکا نەکردوەو ویلایەتەیەکگرتوەکانیش بەبەکاربردنی تێکڕای 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، وەک گەورەترین بەکاربەری نەوت لەجیهاندا دەمێنێتەوە.