شارپرێس:
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕۆژی شەممە، پابەندبوونی حكومەتی بە جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جێبەجێكردنی یاسا، پاراستنی سەروەری وڵات و پاراستنی ئابوریی نیشتمانی دووپاتكردەوە. جەختی لەوە كردەوە كە لێبوردەیی نییە بۆ هەر جۆرە خراپ بەكارهێنانێكی سامانی گشتی یان هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە داهاتەكانی دەوڵەت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، زەیدی لەگەڵ سالم مەتەر عیساوی، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی سەروەری نیشتمانی و ئەندامانی هاوپەیمانییەكە لە پەرلەمان كۆبووەتەوەو چەندین بابەت و فایلی تایبەت بە خزمەتگوزاری، ئەمنی، سیاسی، و ئابوری تاوتوێ كرا، هەروەها دیارترین ئاستەنگ و مەرجەكانی پەیوەست بە كارەكانی حكومەت و پێداویستییەكانی هاوڵاتیان باسكران.
سەرۆكی حكومەتی عێراق ئاماژەی بە بەردەوامیی كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كرد بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی هاوڵاتیان، دیارترینیان پڕۆژەی دابینكردنی یەك ملیۆن پارچە زەوی شتەجێبوونە، كە بەخۆڕایی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشدەكرێن كە شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.
زەیدی جەختی لە گرنگی بەهێزكردنی ڕێڕەوی گەشەپێدان بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی پیشەسازی نیشتمانی، و بەدەستهێنانی دابەشكردنی دادپەروەرانەی پڕۆژە پیشەسازییەكان لە نێوان پارێزگاكاندا كرد، بەپێی بەردەستبوونی كەرەستەی خاو و توانای بەردەست، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری و ڕەخساندنی هەلی كار.
لای خۆیانەوە سەرۆك و ئەندامانی هاوپەیمانی سەروەری نیشتمانی پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران دووپاتكردەوە، ڕێوشوێن و هەنگاوەكانی حكومەتیان لە بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سنورداركردنی چەك لەدەستی دەوڵەت و جێبەجێكردنی یاسا لە سەرتاسەری عێراقدا دووپاتكردەوە.
