په‌یامێكى به‌په‌له‌ له‌موقته‌دا سه‌دره‌وه‌.. پشتیوانى خۆى بۆ زه‌یدیى ڕاگه‌یاند

عیراق

11 خولەک پێش ئێستا‌ 1655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانى شیعه‌ لەپەیامێکی دەستنوسدا داوا لەهاوڵاتیانی عێراق دەکات لەسەرجەم پارێزگاکان‌و بەتایبەت لەگۆڕەپانی تەحریری بەغدا نوێژی هەینیی یەکگرتوو ئەنجامبدەن، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لەچاکسازیی‌و وەستانەوە دژی گەندەڵی‌و تاڵانکردنی سامانی گشتیی.


بەگوێرەی پەیامە دەستنوسەکەی موقتەدا سەدر کە لەژێر ناونیشانی «خۆشەویستیی نیشتمان لەباوەڕەوەیە» بڵاویکردوەتەوە، داوای لەباوەڕداران کردوە بەشێوەیەکی یەکگرتوو لەهەموو پارێزگاکانی عێراق بەشداریی لەنوێژی هەینیدا بکەن‌و گۆڕەپانی تەحریریشی لەناوەڕاستی بەغدا وەک شوێنی سەرەکی‌و ناوەندیی کۆبونەوەکە دیاریکردوە.

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانى شیعه‌ لەپەیامەکەیدا تیشکیخستوەتەسەر سێ ئامانجی سەرەکیی ئەو گردبونەوە جەماوەرییەو ده‌ڵێت، "بانگەوازکردن بۆ چاکسازیی ڕاستەقینەو وەستانەوە دژی گەندەڵکاران، تاوانباران‌و ئەوکەسانەی ماڵ‌و سامانی گشتیی وڵات دەبەن، زیندوڕاگرتنی بنەماکانی ئایین‌و ڕێکخستنەوەی ڕیزی باوەڕداران لەسەرتاسەری عێراق‌و زیندوڕاگرتنی ساڵیادی شەهیدبونی باوکی (محەمەد سادق سەدر) لەڕێگەی ئەنجامدانی نوێژی یەکگرتوو لەتەواوی پارێزگاکانەوە".

ئەم بانگەوازەی موقتەدا سەدر بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی‌و پاراستنی ماڵی گشتیی، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵ‌و ڕێکارە توندەکانی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قاچاخچێتیی نەوت، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان‌و ڕێگریکردن لەدزین‌و بەهەدەردانی سامانی وڵات.