ڕۆژانە داهاتی 146 هەزار بەرمیل نەوت بۆ كوێ دەچێت؟ سەرکێشییەکی گەورەی عه‌لى زه‌یدیى ئاشكراده‌كرێت

عیراق

13 خولەک پێش ئێستا‌ 2146 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایەکی دیاری ئابوریی هۆشداریی توند دەداتە حکومەتەکەی عەلی زەیدیی لەوەی بەتەرخانکردنی 16 ملیار دۆلار لەداهاتی نەوت بۆ پڕۆژەی (ڕێگه‌ی گەشەپێدان)، بڕیاری "بازدان بەرەو تاریکی" دەدات؛ به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکانیش، ئەم هەنگاوە لەکاتی کورتهێنانی داراییدا ڕۆژانە داهاتی 146 هەزار بەرمیل نەوت دەبات، لەکاتێکدا وەبەرهێنەرانی بیانی متمانەیان بەسەرکەوتنی پڕۆژەکە نییە.


زیاد هاشمی، شارەزای دیاری ئابوریی عێراق، هۆشداریی توند دەدات لەمەترسییە دارایی‌و بازرگانییەکانی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ خەرجکردنی داهاتی نەوت لەپڕۆژەی (ڕێگه‌ی گەشەپێدان)داو هەنگاوەکە بە(بازدان بەرەو تاریکی) ناودەبات؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە وەبەرهێنەر و بانکە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی گومان لەقازانج‌و سەرکەوتنی پڕۆژەکە، ئامادەنین پارەی تێدا بخەنەگەڕ.

زیاد هاشمی لەنوسینێکدا ئاشکرایکردوە، بڕیاری پارەدارکردنی پڕۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدان لەلایەن عێراقەوە بۆ ماوەی چوارساڵ درێژدەبێتەوەو تێچوەکەی دەگاتە 16 ملیار دۆلار.

به‌گوێره‌ى خەمڵاندنەکانی ئەو شارەزا ئابورییە، دابینکردنی ئەم بڕە پارەیە پێویستی بەتەرخانکردنی داهاتی فرۆشتنی 212 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە (واتە ڕۆژانە 146 هەزار بەرمیل نەوت).

هاشمی جەختدەکاتەوە، ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە عێراق بەدەست کورتهێنانێکی گەورەی داراییەوە دەناڵێنێت‌و کەرتە سەرەکی‌و ژیارییەکانی وڵات، لەپێش هەمویانەوە کارەباو تەندروستی، پێویستییەکی زۆریان بەبودجەو پارەدارکردنی زیاتر هەیە.

ئەو شارەزا ئابورییە ئاماژەی بەوەداوە، سەرەڕای تێپەڕبونی زیاتر لەسێ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەدا، عێراق نەیتوانیوە وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ پارەدارکردنی ڕابکێشێت کە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر نەبونی متمانە بەسودی ئابوریی پڕۆژەکە.

هاشمی هۆکارەکانی دورکەوتنەوەی وەبەرهێنەرانی بەمشێوەیە ڕونکردوەتەوە، "وەبەرهێنەری بیانی تەنها سەیری پێگەی جوگرافی‌و کورتیی مەودای وشکانی ناکات، بەڵکو به‌گوێره‌ى پێوەرەکانی قازانج، مەترسی‌و توانای کێبڕکێ بڕیار دەدات، هه‌روه‌ها قەبارەی خواستی بازرگانیی داهاتوو لەسەر ڕێگه‌کە ناڕونەو گومانێکی زۆر هەیە لەوەی بتوانێت لەڕوی تێچوو، کاتی گەیشتن‌و متمانەوە کێبڕکێی گواستنەوەی دەریایی‌و ڕێڕەوە بازرگانییەکانی دیکەی جیهان بکات، ئاڵنگارییە ئەمنی‌و یاساییەکان، ناسەقامگیریی سیاسەتی ئابوریی، نەبونی شەفافیەت‌و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی عێراق مەترسییەکانی سەر پڕۆژەکەیان زیاترکردوە".

زیاد هاشمی دەڵێت، "تەنها دروستکردنی ڕێڕەوێکی وشکانی بەدرێژایی 1200 کیلۆمەتر بەو مانایە نایەت کە کۆمپانیا جیهانییەکانی گواستنەوەو بازرگانیی ڕوی تێدەکەن یان کاڵاکان بەشێوەیەکی خۆکار پێیدا تێدەپەڕن، بەڵکو پڕۆژەکە پێویستی بەتایبەتمەندیی کێبڕکێی ڕاستەقینە هەیە".

هۆشداریدەدات، بەم بڕیارە، عێراق بەتەنها سەرجەم مەترسییە دارایی‌و بازرگانییەکانی پڕۆژەکە دەگرێتە ئەستۆ بەو هیوایەی دوای تەواوبونی خواستی لەسەر دروست ببێت کە ئەمەش "سەرکێشییەکی گەورەیە".

جەختیشیکردوەتەوە، ئەم دۆسیەیە کێشەیەکی قوڵتری حکومەتەکانی عێراق دەردەخات لەمامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆژە ستراتیژییەکاندا کە لەلاوازیی توێژینەوەی ئابوریی‌و خراپیی پلاندانانەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە شکستهێنان لەبەدیهێنانی قازانج‌و داهاتی چاوەڕوانکراو.