وتەبێژی حکومەتی عێراق: زیانی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دیوانی چاودێری دارایی دەریخستوە کە بەهۆی قاچاخچێتی بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە لە 2008وە تاکو 2025 عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلار زیانی کردوە.


حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندوە،" هەناردەکردنی نەوت دور لە کۆمپانیای سۆمۆ بە قاچاخچێتی هەژمار دەکرێت، چونکە پارەکە ناچێتە خەزێنەی دەوڵەت ".

ئەوەشیخستەڕوو، ئۆپراسیۆنەکانی داخستن و کۆنتڕۆڵکردنی سنورە نێودەوڵەتییەکان قاچاخچییەکان بەئامانج دەگرێت، هەر لایەنێکیش تێوەگلابێت لە بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانییە روبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، راسپاردەکانی سەرۆک وەزیران ڕونە کە خۆی لە گرنگی پاراستنی سامانی نەوتی دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەوەی داهاتەکەی بچێتە گیرفانی کەسانی سودمەندەوە.

وتیشی،" سەرۆک وەزیران دەیەوێت پارێزگاری لە گەلی کوردستان بکات و جیاوازی ناکات لە نێوان هیچ پارێزگایەک ".