شارپرێس:
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا پەیوەندیی بە نزیکەی 100 هەزار سەربازی یەدەگەوە کردووە و داوای لێکردوون ئامادە بن بۆ ئەگەری بانگکردنەوەیان لە کاتی دەستپێکردنی شەڕدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "دایلی میرۆر"، نامە بۆ ئەو کەسانە نێردراوە کە پێشتر لە هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا خزمەتیان کردووە، بۆ ئەوەی خۆبەخشانە بەشداریی ڕاهێنان و مانۆڕە سەربازییەکان بکەن. بەریتانیا لە سەردەمی شەڕی ساردەوە هەنگاوێکی لەم جۆرەی نەناوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت کە هەڕەشەکانی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، زیادبوون، بەتایبەتی لە ڕووی شەڕی شاراوە و ڕووداوە سەربازییە ئاشکراکانەوە.
وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، ئەم هەنگاوەی بە "ڕێکارێکی پێشوەختەی عەقڵانی و پێویست" وەسف کردووە و گوتوویەتی ئامانج لە ناردنی پەیامەکان بۆ سەربازانی یەدەگ نوێکردنەوەی زانیاریی پەیوەندییەکان و ناسینی شارەزایی و لێهاتووییەکانی سەربازانی یەدەگە.
هەروەک ئاماژەی بە زیادبوونی هەڕەشەکان کردووە و جەختی کردۆتەوە کە ئامادەکارییەکان دەبێتە هۆی دڵنیایی، نەک نیگەرانی.
لە ئێستادا تەنیا 73 هەزار سەرباز لە سوپای بەریتانیا خزمەتی چالاک دەکەن؛ ئەمەش کەمترین ژمارەیە لە سەردەمی شەڕەکانی ناپلیۆنەوە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم.
بانگهێشتەکان هەروەک داوای نوێکردنەوەی زانیاریی پەیوەندیی و تواناکانی سەربازانی یەدەگیان لێکردووە. ئەوان بانگهێشت کراون بۆ بەشداری لە ڕاهێنانە سەربازییە تایبەتەکان، لەوانە مانۆڕی "بەرگریی جێگیر"ی ناتۆ کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2027 ئەنجام بدرێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی