کشانەوەیەک لەسەر کاغەز، مانۆڕێک لەسەر زەوی.. نهێنیی ڕێککەوتنی جورفولسەخر

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 421 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان ئاشکرایان کردووە کە ڕاگەیاندنی کشانەوەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە ناوچەی جورفولسەخر، لە باکووری پارێزگای بابل، تەنیا مانۆڕێکی سەربازیی بووە، بۆ ڕێکخستنەوەی شوێنەکانی هێزەکانی و کەمکردنەوەی فشاری حکومەتی عێراق و ئەمریکا، بەبێ ئەوەی توانای سەربازیی و هەژموونی خۆی لە ناوچەکە لەدەست بدات.

سەرچاوەکان بە "ئیرەم نیوز"یان ڕاگەیاندووە کە کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە بیانووی ڕاگەیاندنی کشانەوە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی دووبارە دابەشکردنی هێزەکانی ئەنجام داوە و بڕێکی زۆر لە کەرەستە و ئامێرە سەربازییەکانی بەرەو ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و کەربەلا گواستۆتەوە، لە چوارچێوەی ئامادەکاریی بۆ ئەگەری نوێبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم مانۆڕە ڕێگەی بە گرووپەکە داوە پێگەی سەربازیی نوێ دابمەزرێنێت، لە کاتێکدا پێگە سەرەکییەکانی لە جورفولسەخر بەردەوامن لە کارکردن، بەبێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی. هەروەک ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێرانی و هەندێک ڕاوێژکاری سەر بە حوسییەکانی یەمەن هێشتا لە ناوچەکەدان.

لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاندووە هێزە حکومییەکان بە تەواوی لە جورفولسەخر جێگیر بوون، بەڵام پرسیارەکان سەبارەت بە ئاستی کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی بەغدا لەسەر ناوچەکە بەردەوامن؛ ناوچەیەک کە زیاتر لە 12 ساڵە لەژێر هەژموونی ئەم گرووپەدایە.

ڕێککەوتنی نێوان حکومەت و کەتیبەکانی حزبوڵڵا، دوای دەستێوەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، بەدەستهات و ڕێگریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی کرد، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە هیچ ڕاگەیاندنێکی ڕوونی لەبارەی داماڵینی چەک یان هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سەربازییە سەربەخۆکەی گرووپەکە تێدا نەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە پاراستنی شارەزایان و ڕاوێژکارانی سوپای پاسدارانی ئێران، کە چاودێریی بەرنامەکانی پەرەپێدان و دروستکردنی چەک لە ناوچەکە دەکەن، یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەشتی پەلەی قائانی بۆ بەغدا. تاران هەوڵی داوە ڕێگری لە کەوتنی ڕاوێژکاران و کەرەستە هەستیارەکان بە دەستی هێزە عێراقییەکان بکات.

لە هەڵسەنگاندنێکدا بۆ ڕێککەوتنەکە، جاسم موسەوی، شیکاری سیاسیی عێراقی، پێی وایە ئەو ڕێککەوتنە سوودێکی ناتەواو و زیانێکی سنووردار بۆ هەردوو لایەنی حکومەت و گرووپەکە بووە، نەک سەرکەوتنێکی یەکلایی بۆ هیچکام لەوانە.

موسەوی ڕوونی کردۆتەوە کە گۆڕینی هێزە سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵڵا بە هێزەکانی تری حەشدی شەعبی، بە پێویستی مانای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆنترۆڵی ناوچەکەدا ناگەیەنێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکەی، ئاڵنگاریی سەرەکیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەنیا جێگیرکردنی هێزە حکومییەکان لە جورفولسەخر نییە، بەڵکو توانای حکومەتەکەیەتی بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی بڕیاری کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. ئەمەش ڕێککەوتنی جورفولسەخر دەکاتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی تاقیکردنەوەی سیاسی و ئەمنیی، نەک کۆتایی ململانێی هەژموون.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی