وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری دەداتە ئەو كەسانەی پاسپۆرت دەدڕێنن

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 655 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، یاسای پاسپۆرت لانی كەم سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ سەرپێچییەكان دیاری كردووە كە لە مادەی (١٥)دا دیاری كراوە.

محەمەد عەلی حەسون وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی كردەوە كە یاسای پاسپۆرت ژمارە (32)ی ساڵی 2015 سزای یاسایی بۆ هەر كەسێك دیاری كردووە كە سەرپێچی پەیوەست بە پاسپۆرتەوە ئەنجام بدات، بەمەش بەشداری دەكات لە پاراستنی بەڵگەنامە فەرمییەكان و ڕێگری لە خراپ بەكارهێنانیان یان دەستكاریكردنیان.

حەسون ڕونیشیكردەوە، لە مادەی (١٥)ی یاساكەدا لانی كەم سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ هەر كەسێك دیاریكراوە كە هەریەكێك لەم كارانەی خوارەوە ئەنجام بدات:

یەكەم: فرۆشتن، كڕین، یان بەدەستهێنانی پاسپۆرتی عێراقی بە مەبەستی بەكارهێنانی پێچەوانەی ئەو مەبەستەی كە بۆی دەرچووە.

دووەم: زیانگەیاندن، تێكدان و خراپكردن، یان پووچەڵكردنەوەی پاسپۆرتێك بە مەبەستی زیانگەیاندن.

سێیەم: جێهێشتنی كۆماری عێراق یان هەوڵدان بۆ جێهێشتنی دوای ئاگاداركردنەوەی لە قەدەغەكردنی هاتووچۆ.

چوارەم: چوونەناوەوە بۆ كۆماری عێراق یان هەوڵدان بۆ چوونە ناو كۆماری عێراق لە ڕێگە و شوێنەكانی تر جگە لەوانەی بۆ پشتڕاستكردنەوەی بەڵگەنامەكان دیاری كراون. 

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ڕێنماییە یاساییەكانی تایبەت بە پاسپۆرت دەكاتەوە، هەروەها هۆشداری دەدات لە ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەك لەسەر پاراستنی بەڵگەنامە فەرمییەكان یان ڕێكارەكانی گەشتكردن و چوونەناوەوە بۆ ناو وڵات.

ئەم ڕونكردنەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوای ئەوە دێت لەسۆشیال میدیا بانگەشەی ئەوە كرا كەسێك لە هەرێمی كوردستان پاسپۆرتەكەی دڕاندووە لەكاردانەوەی بڕیارەكانی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران.