شارپرێس:
مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حیزبی دیمموكراتی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند "وەك هەموو لایەك ئاگادارن، دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانی عێراق لە ئێستادا لەژێر مەترسیدارترین هەڕەشەكانی سەردەمی خۆیدایە. بێگومان بەشێك لەو دۆخە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرهەمی كێشە و بەربەرەكانیی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەم بەشەی كوردستانە، هەروەها ڕێكنەكەوتنیان لەسەر پێكهێنانی پارلەمان و حكوومەتی هاوبەش، ئەویش دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دوایین هەڵبژاردنەكاندا".
سكرتێری گشتی حیزبی دیموكرات لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەم دەستكەوتە نەتەوەییە، بەپەرۆشەوە نیگەرانی ئەم دۆخەین. داوام ئەوەیە هەتا كات لەدەست نەچووە، بەرپرسیارانە لە پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتوو و یەكڕیزیی نیشتمانیدا پەلە بكەن و بە هاودەنگی و لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی یاساییدا، ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە مەترسیدارە ببنەوە".
ڕاشیگەیاند، با ئەو ڕاستییەشمان لەبیر نەچێت كە ئەم كیانە سیاسییە بەرهەمی خوێنی دەیان و سەدان هەزار كەس لە ڕۆڵەكانی كورد و قوربانییانی ئەنفال و كیمیابارانە و لە ئاكامدا موڵكی نەتەوەی كوردی خێرلەخۆنەدیوە بە هەموو بەشەكانیەوە؛ گومانیش لەوەدا نییە كە داگیركەرانی كوردستان لە كاتی لاوازیدا پیلانی نگریسی خۆیان دەبەنە سەر. مێژوو ئەو لایەنانە نابەخشێت كە ئەم دەستكەوتە نەتەوەییە بكەنە دەسمایە و بارمتەی ڕقەبەرایەتییەك كە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی تێدا ببێتە قوربانی".
