پەیامێکی پاڵپشتی لەباکورەوە بۆ باشور: پشتیوانی لەپاراستنی هەرێمی کوردستان دەکەین

کوردستان

45 خولەک پێش ئێستا‌ 113 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەم پارتی ڕایگەیاند، پشتیوانی لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکەن، دەشڵێت،" داوا دەکەین هەموو کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە و دیموکراتییەکانەوە چارەسەر بکرێن ".

لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،"  پێکهاتەی یاسایی، شەرعی و دیموکراتیکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن دەستوری عێراقی فیدراڵییەوە لە ساڵی 2005دا مسۆگەر کراوە، ئەنجامی دەستکەوتە مێژوییەکان و ئیرادەی دیموکراتیی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەیە، پاراستن و بەهێزکردنی ئەم قەوارەیە، تەنها بۆ گەلی کورد گرنگ نییە، بەڵکو بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی، سەقامگیریی سیاسی و داهاتوی دیموکراسی عێراقیش گرنگییەکی زۆری هەیە ".

ئەوەشیخستەڕوو،"  ئەو ئاڵۆزییەی کە لە ڕۆژانی دواییدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان و سەرچاوەکانی وزە زیاتر بوە، جارێکی دیکە هەستیاریی بنەماکانی فیدراڵیزم و هاوسەنگییە دەستورییەکانی خستووەتەڕوو، ناکۆکییە کارگێڕی، ئابوری و یاساییەکانی نێوان بەغداد و حکومەتی هەرێم، بە بڕیاری یەک‌لایەنە، بە لێدوانەکانی زیادکردنی ئاڵۆزی چارەسەر نابن؛ بەڵکو دەتوانرێت لە چوارچێوەی دەستوردا، لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.

لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگای چارەسەری هەمیشەیی ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتیی فیدراڵیی عێراق مافە ڕەواکانى گەلی کورد بناسێت و بە عەقڵییەتییەکی هاوبەشەوە هەڵسوکەوت بکات، لەگەڵ ئەمەشدا زۆر گرنگە هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە گرنگەدا ڕێککەوتنی دیموکراتیک بکەنە بنەما، لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن و یەکێتیی کۆمەڵایەتی و کارکردنی دامەزراوەکان بەهێز بکەن.

لەپەیامەکەدا ئەوەش هاتوە،" وەک دەم پارتی، پشتیوانی لە پاراستنی ستاتۆی دەستوری و دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکەین و داوا دەکەین هەموو کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانە و دیموکراتییەکانەوە چارەسەر بکرێن، ئەو هەڵوێستەی کە ماف و ویستەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دولایەنە دەپارێزێت، هەم بۆ دیموکراتیککردنی عێراق و هەم بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، بەهێزترین بەشداری دەبێت ".