دوای 12 ساڵ لەپەککەوتنی؛ بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دەخرێتەوە کار

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

باسم محەممەد خوزەیر عیبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگای کەرکووک، وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی (IT1) کردەوە، بەمەش ڕێڕەوی کۆنی بۆری نەوتی عێراقی-تورکی دوای 12 ساڵ وەستان دەگەڕێتەوە کار.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لەم بۆرییەوە دەگوازرێتەوە، کە پلانی هەیە دوای تەواوکردنی چاکسازیی دووەمین وێستگەی پەمپکردن، توانای هەناردەکردن بگاتە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

وەزارەت ڕوونی کردۆتەوە کە نەوت لە وێستگەی (IT1)ەوە بەرەو (IT1A) و دواتر وێستگەی پێوانەکردنی (MS) دەگوازرێتەوە.

وەزیری نەوت پێشتر لە 17ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندبوو کە پرۆسەی پەمپکردن لە وێستگەی (IT1A)ەوە دەستی پێکردۆتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵ و شارەزایی تەکنیکیی کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراقە و توانای وڵات لە گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتی خاو بەهێزتر دەکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی