شارپرێس:
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی، ئەمڕۆ هەینی، هۆشداریی لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی قەیرانی گەرووی هورمز داوە و داوای کردووە جووڵەی کەشتیوانی وەک کارتی فشار لە ناکۆکییەکاندا بەکارنەهێنرێت.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، لە کاتی جەنگی ئێرانەوە نزیکەی 6000 دەریاوان و 300 کەشتیی لە گەرووی هورمزدا گیریانخواردووە و جووڵەی کەشتیوانیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لە کاتێکدا هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەرکردنی نزیکی قەیرانەکە دیار نییە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە، ڕۆژانە تەنیا لە نێوان 8 تا 15 کەشتی بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن و ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانیش ناچار دەبن سیستەمی ڕێنیشاندانی خۆیان بوەستێنن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە مەترسیی ئەوە دەکەن کە بوونی خۆیان لە ناوچەکەدا ڕانەگەیەنن.
هەروەک هۆشداریی داوە کە کاریگەرییەکانی قەیرانەکە تەنیا بۆ کەرتی گواستنەوەی دەریایی سنووردار نابێت، بەڵکو کەرتەکانی دیکەی جیهان، لەوانە کەرتی کشتوکاڵیش دەگرێتەوە؛ چونکە بەردەوامبوونی تێکچوونی بازرگانیی و دابینکردنی پێداویستییەکان کاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان دادەنێت.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییەکانی جیهان و ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی وزە، بۆیە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر کەشتیوانی لەو ناوچەیەدا نیگەرانیی بازاڕە جیهانییەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوە دروست دەکات.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی