بەپەلە؛ کشانەوەی پێشمەرگە ڕەتکرایەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە سنوری قەرەهەنجیر دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری ناحیەکە رەتدەکاتەوە.

عەمید تالیب فاروق محەمەد فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە سنوری قەرەهەنجیر لەڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت،" لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و سەربازییەوە، وەک فەرماندەی لیوای یەکی پیادە لە سنووری قەرەهەنجیر، بە هەموو شێوەیەک سەرتاپای ئەو دەنگۆ و هەواڵە ناڕاستانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانمان دەکەن لەم سنورە ".

ئەوەشیخستەڕوو،" لێرەوە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە پێشمەرگە قارەمانەکانی لیوای یەکی پیادە، وەک هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و ئامادەباشییەکی تەواوەوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدان و بەردەوامن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و سەروماڵی هاوڵاتیان ".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد،" بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە تەنها بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێیە لای هاوڵاتیان و هیچ بنەمایەکی ڕاستییان تێدا نییە. ئێمە وەک هەمیشە قەڵغانی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان دەبین و بستێک لە سەنگەرەکانمان چۆڵ ناکەین ".