بانکی ناوەندیی عێراق فلتەر دەخاتەسەر حەواڵەی دۆلار بۆ ئوردن؛ ڕێکارە نوێیەکان کۆمپانیا وەهمییەکان دادەخەن‌و فشار لەسەر بازاڕی دۆلار کەمدەکەنەوە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3368 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بانکی ناوەندیی عێراق زنجیرەیەک ڕێنمایی‌و مەرجی توندی بۆ پارەدارکردنی هاوردەکردنی کاڵا لەئوردنەوە دەرکردو حەواڵەکردنی دۆلاری بۆ هەر کۆمپانیایەک قەدەغەکرد کە بەکردەیی لەناو ئوردندا بەرهەمهێنانی نەبێت؛ هەنگاوێک کە ئامانج لێی جیاکردنەوەی بازرگانی ڕاستەقینەیە لەبازرگانی وەهمی‌و ڕێگریکردنە لەبەهەدەردانی دۆلار.


بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، سەرجەم بانکەکان قەدەغەکراون لەئەنجامدانی حەواڵەی دارایی بۆ ئەو کۆمپانیاو کارگانەی لەئوردن کاڵاکانیان بەرهەمناهێنن.

ڕێنماییەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، پێویستە پێش ئەنجامدانی هەر حەواڵەیەکی دارایی، سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکان‌و بڕوانامەی ڕەسەنی سەرچاوە (شهاده‌ المنشأ)، لەگەڵ بڕوانامە تەندروستی‌و ڤێتێرنەرییەکان پێشکەشبکرێن‌و وردبینییان تێدابکرێت.

سەلماندنی شوێنی دروستکردنی کاڵاکە کراوەتە مەرجی سەرەکی بۆ ڕێگەدان بەپرۆسەی هاوردەکردن‌و سودمەندبون لەلێخۆشبونە گومرگییەکانی نێوان هەردوو وڵات، تا ڕێگریی بکرێت لەوەی کاڵای وڵاتانی دیکە لەڕێگەی ناوەندگیریی وەهمییەوە لەئوردن وەک کاڵای ئوردنی تێپەڕێنرێن.

ئەحمەد عەبد رەبە شارەزای ئابوریی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە بازرگانیی نێوان عێراق‌و ئوردن سنوردار ناکات، بەڵکو جەوهەرەکەی بریتییە لە"جیاکردنەوەی بازرگانی ڕاستەقینە لەکۆمپانیا وەهمییەکان" کە لەڕابردودا وەک دەروازەیەک بۆ سپییکردنەوەو بردنەدەرەوەی دۆلار بەکاردەهێنران.

ئەو شارەزا ئابورییە پێشبینیدەکات، بڕیارەکە ببێتە هۆی کەمبونەوەی خواستە ناڕاستەقینەکان لەسەر دۆلار، ئەمەش فشارەکانی سەر بازاڕی هاوتەریب کەمدەکاتەوەو جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلارو نرخی بازاڕ دادەبەزێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەحمەد عەبد رەبە جەختدەکاتەوە، تەنها سنوردارکردنی حەواڵە قەیرانی نرخی دۆلار بنبڕ ناکات، بەڵکو سەرکەوتنی بەردەوامی ئەم هەنگاوە دەبەستێتەوە بەلابردنی سزاو کۆتوبەندەکان لەسەر ئەو حەوت بانکە عێراقییەی کە مەرجەکانی چاکسازییان جێبەجێکردوە، تاوەکو لەقۆناغی یەکەمدا بەدراوەکانی (یۆرۆ، درهەم-ى ئیماراتى‌و یوان-ى چینى)و دواتریش بەدۆلار پرۆسەی بازرگانی پارەدار بکەن‌و فشار لەسەر بانکە بیانییەکان کەمببێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ئەم ڕێکارە تەنها بۆ ئوردن نەبێت، بەڵکو ببێتە پێوەرێک بۆ ڕێکخستنی حەواڵەی هاوردەکردن لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دیکەدا.