دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی؛ عەلی زەیدیی چۆن دەقە دەستورییەکان لەسەر خاکی هەرێم جێبەجێدەکات؟

کوردستان

15 خولەک پێش ئێستا‌ 3086 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارەکانی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان‌و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، دوای پەسەندکردنیان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، پرسیارێکی سەرەکییان هێناوەتە ئاراوە، ئاخۆ بەغدا چۆن بەکردەیی ئەم بڕیارانە جێبەجێدەکات‌و کاردانەوەی هەولێر چۆن دەبێت؟


سێ سەرچاوەی هێزی زەیدیی‌و لاوازیی وەڵامەکانی هەولێر
عائید هیلالی شیکەرەوەی سیاسیی پێیوایە، هەنگاوەکانی عەلی زەیدیی هێزەکەیان لەسێ فاکتەری سەرەکییەوە وەردەگرن، ئه‌وانیش یه‌كه‌میان پشتیوانیی ناوخۆییه‌، بونی کۆدەنگییەکی سیاسیی لەبەغدا کە تەنها ماڵی شیعە نییە، بەڵکو هێزە سوننییەکان‌و تەنانەت هەندێک لایەنی کوردیش پشتگیریی دەکەن، دوه‌میش گوتاری بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، بەستنەوەی بڕیارەکان بەدۆسیەی دزینی نەوت‌و پاراستنی سامانی گشتیی کە وادەکات هیچ لایەنێک نەتوانێت بەئاشکرا دژایەتیی بکات، سێیه‌میش دەسەڵاتی دەستوریه‌، پشتبەستن بەدەسەڵاتە فیدراڵییەکان‌و ڕۆڵی تۆم باراک نێردەی ئەمریکا کە وەک کەناڵی فشارو پەیوەندیی کاردەکات، چونکە واشنتۆن کۆنترۆڵکردنی سنورو نەهێشتنی (ئابوریی سێبەر) بەبەرژەوەندیی خۆی دەزانێت.

لەبەرامبەردا، هیلالی وەڵامەکانی هەولێر بەنەگونجاو لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگارییەکە وەسفدەکات‌و دەڵێت، "تەنها دەرکردنی بەیاننامەی ڕەتکردنەوەو ناکۆکیی نێوان پارتی‌و یەکێتیی پێگەی هەرێم لاوازدەکات؛ بەڵکو هەولێر پێویستی بەهەڵوێستێکی دانوستانکاری یەکگرتوو، بەڵگەی یاسایی‌و پلانێکی کرداری هەیە".

ئاماژە بەوەشدەکات، سەرکەوتنی بەغدا بەندە بەجێبەجێکردنی بڕیارەکان بەبێ پێکدادانی سەربازیی‌و بەجۆرێک کە مافی هاوڵاتیانی هەرێم بپارێزرێت.

لێپرسینەوەی ئەمنی‌و جیاوازیی کێڵگە نەوتییەکان
موخلید حازم ڕاوێژکاری ئەمنی، دورخستنەوەی فەرماندە سەربازیی‌و ئەمنییەکانی کەرکوک بەهەنگاوێکی پێشوەختەو لێپرسینەوەی کارگێڕی دەزانێت بەرامبەر کەمتەرخەمییان لەڕێگریکردن لەقاچاخچێتیی نەوت.

سەبارەت بەکێڵگە نەوتییەکانیش، حازم جیاوازی دەکات لەنێوان دوو جۆر کێڵگەدا، یه‌كه‌میان کێڵگە کۆنەکانه‌ كه‌ بەڕێوەبردنیان مافی حکومەتی فیدراڵەو هەرێم دەتوانێت لەپاراستنیاندا هاوکاربێت، دوه‌میش کێڵگە نوێیەکان (دۆزراوەکان)، پێویستیان بەهاوکاریی‌و بەڕێوەبردنی هاوبەش هەیە لەنێوان بەغداو هەولێردا، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کەڵەکەبونی دوو دەیەی ڕابردوو.

سەروەريی دابەشناکرێت
لەڕوی یاساییشەوە، عەدنان شەریفی شارەزای یاسایی جیاوازی دەکات لەنێوان دابەشکردنی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان‌و سەروەریی، جەختدەکاتەوە کە سەروەریی دەوڵەت دابەشناکرێت.

بەوتەی ئەو، "هەرچەندە فەرمانگەکانی گومرگ‌و ئاسایش لەناو دەروازە سنورییەکاندا دەکرێت بەهەماهەنگی لەنێوان هەولێرو بەغدا بەڕێوەببرێن، بەڵام دەروازەی سنوری وەک دامەزراوەیەکی سەروەریی، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە؛ هەروەک چۆن دادگای باڵای فیدراڵیش بەزۆرینەی دەنگ بڵاوەپێکردنی هێز لەسنورەکان‌و بەئەلیکترۆنیکردن‌و چاودێریکردنی دەروازەکانی هەرێمی وەک مافێکی ڕەهای بەغدا پەسەندکرد.