شارپرێس:
عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێشتا لەبەرەیەک
نەبوەتەوە بەرەیەکی دیکە دەکاتەوە؛ لەوەتەی لەبەهاری ئەمساڵەوە گەیشتوەتە دەسەڵات،
شەڕەکانی بەسەر چەکی گروپە چەکدارەکان، دۆسیەی گەندەڵی، نرخی دینارو دواجاریش هەرێمی
کوردستاندا دابەشبون، بێئەوەی هیچکام لەم دۆسیانە بگەیەنێتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە،
لەکاتێکدا هەوڵدەدات واشنتۆن ڕازیی بکات کە دەتوانێت ئەو ڕوبەڕوبونەوەیە بەڕێوەببات
کە ئەمریکا داوای لێدەکات.
گۆڕانی گوتاری زەیدییو پەیوەندییە ڕۆژانەکانی
نێردەکەی ترەمپ
لەنێو هێزە شیعەکاندا خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەدای
شەش مانگی ڕابردوی سەرۆک وەزیران هەیە؛ ئەو پیاوەی تا ماوەیەک پێش ئێستا وەک
لاوازترین ئەڵقەی ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار دەبینرا، ئێستا بەتۆنێکی جیاوازو هەڵوێستی
ڕوبهڕوبونهوه قسە دەکات.
سەرچاوە شیعەکان ئاشکرایدەکەن، لەکۆبونەوەیەکی
چوارچێوەی هەماهەنگیدا لەتشرینی یەکەمی ڕابردوو، دوای ئەوەی پێگەی سیاسیی زەیدیی کەوتە
ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو تۆم باراک نێردەی ئەمریکا سەردانی بەغدای کردو زەیدیش
پەیوەندیی بەدۆناڵد ترەمپەوە کرد، گوتاری زەیدی گۆڕاو هەڕەشەی لێدانی گروپە چەکدارەکانی
کرد ئەگەر چەک دانەنێن.
بەرپرسێکی باڵای شیعە بەڕۆژنامەی (مەدا)ی ڕاگەیاندوە،
تۆم باراک كهم ڕۆژ ههیه پەیوەندیی تهلهفۆنى لهگهڵ زهیدیى نهبێتو چاودێریی
وردی دۆسیەکان دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە زەیدیی نەیتوانیوە دۆسیەی چەک یەکلایی
بکاتەوە، هەڵمەتی دژەگەندەڵیش پەکیکەوتوەو تەنانەت بەرپرسیارێتیی دابەزاندنی بههای
دیناریشی لەپەرلەمان خستە ئەستۆی خۆی بێئەوەی چاکسازییە ئابورییەکانی هیچ ئەنجامێکیان
هەبێت.
جورف سەخر؛ دەروازەیەک بۆ هەناردەکردنی قەیران
بەرەو کوردستان
قەیرانی جورف سەخر لەدۆسیەی چەک کەمتر ئاڵۆزنەبوو؛
هاوپەیمانەکانی زەیدیی گومانیان لەپاڵنەرەکانی هێرشکردنەسەر ئەو ناوچەیەو تەنانەت
لەچیرۆکی قاچاخچێتیی نەوتیش تێیدا هەبوو، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، تاران مامەڵەی لەگەڵ
چیرۆکەکەی حکومەتدا کرد وەک دەرفەتێک بۆ وەبەرهێنان، هەرچەندە زانیارییەکان دەریدەخەن
کەتیبەکانی حزبوڵڵا جورف سەخریان جێنەهێشتوە، بەڵکو ژمارەیان بەنزیکەی دوو هەزار چەکدار
زیادیکردوەو چەکیان گواستوەتەوە بۆ ئەنبارو کەربەلا.
بەشێک لەناوەندە سیاسییەکان پێیانوایە، جورف سەخر
بوەتە دەروازەیەک بۆ گواستنەوەی قەیرانەکە بەرەو هەرێمی کوردستان، بەپشتیوانیی تۆم
باراک کە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیاو سوریا مەیلی بەرەو حوکمی مەرکەزیی هەیە،
هەرچەندە وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگریی ئەمریکا بەتەواوی هاوڕای بۆچونەکانی باراک
نین.
کوردستان؛ بەرەی نەوتو دەروازە سنورییەکان
لەقەیرانە نوێیەکەدا، زەیدیی هەوڵدەدات بهبێ بەشداریی
حکومەتی هەرێم، هێزی فیدراڵی بڵاوەپێبکاتو ئیدارەی نەوتو دەروازەکان بگرێتە دەست
کە شارەزایانیش بەسەرچاوەی ناکۆکییەکی قووڵی دەستووریی دەزانن.
ئهوان پێیانوایه، دەروازەکان (مادەی 114)،
گومرگەکان دەخاتە ناو دەسەڵاتە هاوبەشەکانو هەماهەنگیی نێوان بەغداو هەرێمی کردوەتە
مەرج، ههروهها نەوتو ناوچە جێناکۆکەکان (مادەکانی 112و 140)، بەڕێوەبردنی نەوت
بەهاوکاریی هەرێم دەبێتو تەنانەت ئەگەر کێڵگەکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدینو نەینەوا
سەر بەوەزارەتی نەوتیش بن، بەڵام بڕیارێکی کارگێڕیی ناتوانێت دۆخی دەستوریی ئەو
خاکانە بگۆڕێت کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە، هاوكات دەسەڵاتەکانی هەرێم (مادەکانی
115و 121)، لەکاتی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان، ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمی
کوردستانە.
لەپێشهاتێکی دیکەدا، دادگای فیدراڵی لەسەر داوای
زەیدیی بەزۆرینەی دەنگو ناڕەزایی دوو ئەندام، دەستوریبونی ڕێکارەکانی بەغدای پەسەندکرد،
بەڵام جەختیشی لەڕەچاوکردنی دەقە دەستورییەکانی تایبەت بەدەسەڵاتە هاوبەشەکان کردەوە،
لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموكراتى كوردستان ڕایگەیاند، کوردستان
ناچێتە ژێر باری هیچ بڕیارێکی نادەستورییو سەپاندنی ئیرادە، هاوکات پارتیو یەکێتیی
سەرەڕای ناکۆکییە توندەکانی نێوانیان، لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕێکارەکانی بەغدایان
ڕەتکردەوە.
ترسە مێژوییەکانی کورد؛ گەڕانەوە بۆ زمانی سەردەمی
بەعس
کیفاح مەحمود توێژەرو نوسەری کورد پێیوایە، ئۆپەراسیۆنەکەی
جورف سەخر کە میدیا ئەمریکییەکان بەمەترسیدارترین بنکەی ئێران بۆ هەڵگرتنی موشەکو
درۆن ناوی دەبەنو دانوستانەکانیشی بەسەرپەرشتیی ئیسماعیل قائانی کراون، ئامانجەکانی
زەیدیی نەپێکاوە، بۆیە زەیدیی بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر خۆی بەیاننامەکەی دژی
هەرێم دەرکردوە.
بەبۆچونی كیفاح مەحمود، داڕشتنی بەیاننامەکەی زەیدیی
زۆر نەگونجاو بوە، چونکە شەقامی کوردیی توڕە کردوەو زمانی بڕیارەکانی (ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
شۆڕشو فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان)ی سەردەمی ڕژێمی پێشوی هێناوەتەوەیاد،
کاتێک بەغدا بەبڕیاری مەرکەزی شارەکانی کۆنترۆڵدەکرد؛ ئەمەش کاردانەوەیەکی جەماوەریی
لێکەوتوەتەوە کە یادەوەریی ئەنفالو کیمیابارانی لای خەڵکی کوردستان زیندوکردوەتەوەو
ئەو هەستەی دروستکردوە کە عەقڵیەتی بەغدا سەرەڕای گۆڕینی دەسەڵاتداران هێشتا نەگۆڕاوە.
ناوبراو جەختیشدەکاتەوە، دەکرێت بەغدا لەبری
مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم وەک ئیدارەی قەزایەک یان پارێزگایەک بەتایبەت کە چەند
ڕۆژێک پێشتر مەسرور بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ زەیدیی ڕاگەیاندبوو بەگفتوگۆی هێمنو
سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ هەولێر کێشەکان چارەسەربکات.
