شارپرێس:
پۆلیسی پارێزگای بابل بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاشکراکردنی بۆرییەکی نەوتی کونکراوی لەناوچەی ئەسکەندەرییەی باکوری پارێزگاکە ڕاگەیاندو هاوکات تۆڕێکی قاچاخچێتیی هەڵوەشاندەوەو 10 تۆمەتباریش دەستگیركران.
ئەمڕۆ شەممە پۆلیسی بابلو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، هێزێکی هاوبەش لەناوچەی (ئەسکەندەرییەو حەسوە) لەپارێزگای بابل توانیویانە بۆرییەکی نەوت بدۆزنەوە کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە کونکرابوو بەمەبەستی دزینو بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکەدا تەواوی تۆڕەکە هەڵوەشێندراوەتەوەو 10 ئەندامی سەرەکیی تۆڕی قاچاخچێتییەکە دەستگیرکراونو ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوە.
ئەم پێشهاتە نوێیە وەک درێژەپێدەری ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنو هەڵمەتە فراوانەی حکومەتی عێراق دێت کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا لەکەرکوک، نەینەوا، جورف سەخرو پارێزگاکانی دیکە دەستیپێکردوە بۆ ئاشکراکردنی بۆرییە کونکراوەکانو بڕینی دەستی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی نەوت لەسەرتاسەری وڵاتدا.