کتێبێکی نوێ پەردە لەسەر پەیوەندییە نهێنییەکانی جارد کوشنەر و محەممەد بن زاید هەڵدەداتەوە؛ لەباجگیریی سێکسییەوە تا هاوکاریی تەکنەلۆژیی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل

ڕاپۆرت

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کتێبێکی نوێی ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی، زنجیرەیەک زانیاریی هەستیار دەخاتەڕوو دەربارەی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی جارد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات. ئەم کتێبە هەوڵ دەدات ڕۆڵی ئەم پەیوەندییە لە گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستکردنی هاوپەیمانییە نوێیەکان ڕوون بکاتەوە.

 
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لەسەر کتێبە نوێیەکەی ماتیو کۆڵ، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی، ئاماژە بە زانیارییەکی هەستیار دەکات و دەڵێت پەیوەندیی نێوان جارد کوشنەر و محەممەد بن زاید تەنها هاوکارییەکی دیپلۆماسی و ئابووری نەبووە، بەڵکو پەیوەندییەک بووە کە لە پشت پەردەدا کاریگەریی لەسەر ئاراستەکردنی سیاسەتی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە.

کتێبەکە بە ناونیشانی شازادە و دزەکان: جارد کوشنەر و پیلانە نهێنییەکەی محەممەد بن زاید بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ە کە لە مانگی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە.

نووسەرەکەی دەڵێت پەیوەندیی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە، پێش دەستپێکردنی یەکەمین خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧، دەستیپێکردووە.

٢ ملیار دۆلار و پرسیاری کاریگەریی دارایی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی کتێبەکە پەیوەندیی دارایی جارد کوشنەرە بە سعودییە و ئیماراتەوە، بەپێی بۆچونی نووسەر، کوشنەر دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی لە کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠٢١، نزیکەی ٢ ملیار دۆلاری لە سعودییە و ئیمارات وەرگرتووە. ئەم بڕە پارەیە لە ڕوانگەی نووسەری کتێبەکەوە، پەیوەندیی بە ڕۆڵی کوشنەر لە ئاراستەکردنی سیاسەتی ئەمریکا بە قازانجی ڕیاز و ئەبووزەبییەوە هەبووە.

بەڵام کوشنەر ئەم تۆمەتەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو پارەیە وەک وەبەرهێنان لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی تایبەتیی خۆی، Affinity Partners، وەرگیراوە، نەک وەک بەخشین یان پاداشتێک بەرامبەر خزمەتگوزاریی سیاسی.

نهێنییەکانی ناو دەزگای حوکمڕانیی ئیمارات
بەشێکی تری کتێبەکە دەتگێڕێنێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و زانیارییەکی هەستیار دەخاتەڕوو دەربارەی شێوازی مامەڵەکردنی محەممەد بن زاید لەگەڵ ڕکابەرە سیاسییەکانی، تەنانەت لە ناو خێزانی دەسەڵاتداردا.

بەپێی نووسینی ماتیو کۆڵ، محەممەد بن زاید لەو ساڵانەدا دوو کەسی سوریی بەکرێ گرتووە بۆ ئەوەی لە برا گەورەکەی، خەلیفە بن زاید، لەکاتی پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ پیاوێکدا فیلمی لێ بگرن تا دواتر ئەو ڤیدیۆیە بۆ باجگرتن و گوشارخستنە سەر براکەی بەکاربهێنێت.

هەروەها کتێبەکە دەڵێت محەممەد بن زاید لەگەڵ محەممەد بن نایف، وەلیعەهدی پێشووی سعودییە، کێشەی سیاسی و کەسی هەبووە و هەوڵی داوە بە بەکارهێنانی هەڕەشەی تایبەت، پێگەی ئەو لە واشنتۆن لاواز بکات.

چارەسەری پزیشکی یان لاوازکردنی ڕکابەر؟
تەوەرێکی تری کتێبەکە پەیوەندی بە تەندروستی خەلیفە بن زایدەوە هەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ دوای مردنی باوکی بووە سەرۆکی ئیمارات، بەڵام لە کرداردا برا بچووکەکەی، محەممەد بن زاید، ڕۆڵی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا گێڕاوە.

خەلیفە لە ساڵی ٢٠١٤ تووشی ئیفلیجی بوو و لە ساڵی ٢٠٢٢ کۆچی دوایی کرد. بەڵام کتێبەکە دەڵێت کێشە تەندروستییەکانی ئەو پێش ئەو ڕووداوە دەستیان پێکردووە و جۆرێک لە کێشەی دەروونی و وابەستەبوون بە خواردنەوە کحولییەکانیشی هەبووە.

بەپێی نووسەر، هەندێک لە چارەسەرە پزیشکییەکانی خەلیفە کاریگەرییەکی قورس لەسەر هۆشیاری و توانای مێشکی داناوە و محەممەد بن زاید ئەم دۆخەی وەک هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی براکەی بەکارهێناوە.

کتێبەکە هەروەها زانیارییەکی تری کەسی دەربارەی پەیوەندیی محەممەد بن زاید و ژنێکی نزیک لە خێزانی پەرستاری براکەی دەخاتەڕوو.

پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل؛ پێش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
لە ڕووی ستراتیژییەوە، یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە پەیوەندیی ئیمارات و ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوانتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیم لە ساڵی ٢٠٢٠ دەخاتەڕوو.

بەپێی زانیارییەکانی نووسەر، محەممەد بن زاید لە دەیەی نەوەدەکانەوە سەرنجی تایبەتی لەسەر تواناکانی ئیسرائیل، بە تایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیای سەربازی و ئەمنی، هەبووە.

کتێبەکە باس لەوە دەکات کە لە ساڵی ١٩٩٨، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتێک لە گۆڤاری Aviation Week دەربارەی فڕۆکەی  F-16ی ئەمریکا و بەکارهێنانی نەرمەکاڵای ئیسرائیلی لە سیستەمەکەیدا، محەممەد بن زاید داوای کڕینی ئەو جۆرە فڕۆکەیەی بۆ ئیمارات کردووە.

بەپێی کتێبەکە، ئیمارات دواتر ڕازی بووە ٨٠ فڕۆکەی F-16 بکڕێت و تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە نەرمەکاڵای ئیسرائیلیش بەکاربهێنێت، ئەگەر چی ئەمریکا هۆشداری دابوو لەسەر مەترسیی چاودێریکردن و کۆنترۆڵی ئەو فڕۆکانە لە ڕێگەی دوورەوە.

گرنگیی ئەم زانیارییە لەوەدایە کە ئاشکرای دەکات پەیوەندیی ئەمنی و تەکنەلۆژیی نێوان ئەبووزەبی و تەل ئەبیب، پێش ئاساییکردنەوەی فەرمیی پەیوەندییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ بنەماکانی دانراوە.

لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی نابێت تەنها وەک خاڵی دەستپێکی پەیوەندیی ئیمارات و ئیسرائیل لێک بدرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک قۆناغێکی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکان و گواستنەوەیان بۆ چوارچێوەیەکی فەرمی و دیپلۆماسی سەیر بکرێت.

کوشتنی نووسەرێکی ئیماراتی؛ ناکۆکی لەگەڵ ئاساییکردنەوە؟
یەکێک لە زانیارییە هەستیارەکانی کتێبەکە پەیوەندی بە حەبیب سەیغ، شاعیر و نووسەری ناسراوی ئیماراتییەوە هەیە.
بەپێی کتێبەکەی کۆڵ، لە ساڵی ٢٠١٨ فەرمانێک لەلایەن یەکێک لە نزیکترین یاریدەدەرانی محەممەد بن زایدەوە دەرچووە بۆ کوشتنی ئەم نووسەرە، کە بە ئاشکرا لە دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ئیسرائیل و لەبەرژەوەندی فەلەستین قسەی کردووە.

کتێبەکە باس لەوە دەکات کە دوای بڵاوکردنەوەی وتارێکی ڕەخنەگرانە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٩، هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی تەحنوون بن زاید، برا بچووکەکەی محەممەد بن زاید و ڕاوێژکاری ئەمنیی نیشتمانیی ئیمارات، ئەو نووسەرەیان لە ماڵەکەی ڕفاندووە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژدا ئەشکەنجەیان داوە.

بەپێی زانیارییەکانی کتێبەکە، ئەم ڕووداوە بە مردنی سەیغ کۆتایی هاتووە و یەکێک لە یاریدەدەرانی نزیکی محەممەد بن زاید ئەو مردنەی بە ڕووداوێکی باش وەسف کردووە.

نووسەر هەروەها ئەم ڕووداوە بە پلانێکی سیاسیی گەورەترەوە دەبەستێتەوە کە گوایە لە نێوان ئیمارات و ئەمریکا و ئیسرائیلدا باس کراوە؛ پلانێک بۆ ئاوارەکردنی بەزۆری فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و گواستنەوەی بەشێکیان بۆ ئوردن.

ملمـلانێی کوشنەر و تۆم باراک بۆ کۆنترۆڵکردنی پەیوەندییەکانی کەنداوی فارس
کتێبەکە تەنها لەسەر پەیوەندیی کوشنەر و محەممەد بن زاید ناوەستێت، بەڵکو باس لە ملمـلانێی ناوخۆیی لە دەوری ترەمپیش دەکات؛ بە تایبەتی لە نێوان کوشنەر و تۆم باراک، بازرگان و دیپلۆماتکاری ئەمریکیی بەڕەچەڵەک لوبنانی.

بەپێی کتێبەکە، باراک هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارس بە شێوەیەکی فراوانتر بەڕێوە ببات و پرۆژەیەکی هاوشێوەی پلانی مارشاڵ بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش بکات، بەڵام کوشنەر نەیویستووە کۆنترۆڵی ئەو پەیوەندییانە بە هاوبەشی لەگەڵ کەسێکی تر بەڕێوەبەرێت.

ئەم ناکۆکییە لە قەیرانی گەمارۆدانی قەتەریش لە ساڵی ٢٠١٧دا دەرکەوت. باراک ئەو گەمارۆیەی بە هەڵەیەکی کارەساتبار ناوبردووە و هەوڵی داوە ترەمپ بۆ دژایەتیکردنی بڕیارەکە ڕازی بکات، بەڵام بەلۆبیگەری سعودییەو ئیمارات لە لای کوشنەر توانیویانە پشتگیریی واشنتن بۆ گەمارۆکە بەدەست بهێنن.

ئەم ملمـلانێیە نیشانەی ئەوەیە کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ترەمپدا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو تەنها لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی بەڕێوە نەچوون، بەڵکو کەسایەتییە نزیکەکانی سەرۆکیش ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ئاراستەکردنیاندا هەبووە.

دەرئەنجامی ستراتیژی: دیپلۆماسیی پەیوەندییە تایبەتییەکان
گرنگیی سەرەکیی ئەم کتێبە لە کۆی زانیارییەکانی سەبارەت بە کوشنەر و محەممەد بن زایددا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەو پرسیارە ستراتیژییەدایە کە دەربارەی شێوازی کاریگەریی دەوڵەتانی کەنداو لەسەر بڕیارەکانی واشنتۆن دروستی دەکات.

لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ترەمپدا، پەیوەندییە کەسییەکان و متمانەی تایبەتیی نێوان ئەندامانی خێزانی سەرۆک و سەرکردەکانی کەنداو بوونە یەکێک لە ئامرازە گرنگەکانی دیپلۆماسی. کوشنەر بەهۆی نزیکییەوە لە ترەمپ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان، بووە کەسایەتییەکی کاریگەر لە ئاراستەکردنی سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەو چوارچێوەیەدا، پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، تەنها هاوکارییەکی ئابووری و ئەمنی نەبوون، بەڵکو بەشێک بوون لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێی ناوچەیی، کە ئامانجەکانی بریتی بوون لە بەهێزکردنی پێگەی ئیمارات، زیادکردنی کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا و بەشداریکردن لە داڕشتنەوەی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.