شارپرێس:
ڕۆژی شەممە، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دووپاتی كردەوە كە بنیاتنانی دەوڵەتێكی یەكگرتوو و بەهێزی عێراق كە توانای پاراستنی سەروەری و ئیرادەی خۆی هەبێت پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە كەسانی پەیوەندیدار و پابەندبوون بە دەستور و دەستەبەركردنی هاوبەشی نێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق هەیە.
مالیكی لە مەراسیمێكدا كە ژمارەیەك شێخ و كەسایەتیی هۆزەكان ئامادەی بوون لەبارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، جەختی لەسەر پابەندبوون بە دەستور و بڕگەكانی كردەوەو ڕایگەیاند، هەر پێشێلكارییەكی دەستور، بە هەر شێوەیەك بێت، كێشەیەك پێكدەهێنێت كە پێویستی بە چارەسەركردن هەیە.
جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق هی هەموو هاوڵاتییانە و هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە بانگەشەی باڵادەستی بەسەر كەسانی تردا بكات. ڕونیشی كردەوە كە سامانەكانی وڵات هی هەموو عێراقییەكانە و شەراكەتی نیشتمانی ئەو بناغەیەیە كە دەستور لەسەری بنیات نراوە.
سەبارەت بە پرسی گەندەڵی، مالیكی هۆشداری دا لە هەوڵدان بۆ هاندانی ململانێی تائیفی و پارچەپارچەكردنی كۆمەڵگای عێراق. ناوبراو ستایشی ڕۆڵی هۆزەكان و ئەندامەكانیانی كرد لە ڕوبەڕوبوونەوەی هەوڵەكانی هاندانی ململانێكانو جەختی لەسەر پێویستی ڕێگریكردن لەقۆستنەوەی لێبوردەیی دەوڵەت بەرامبەر بە خراپ بەكارهێنانی سامانی گشتی كردەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەندەڵی و دزیكردن تەنها لە پارەی دەوڵەتدا سنوردار نییە بەڵكو درێژدەبێتەوە بۆ سەرچاوە نیشتمانییەكان بەتایبەتی نەوت، كە بە سامانی نەوەكانی ئێستا و داهاتوو وەسفیكرد. داوای پاراستنی ئەم سامانە و ڕێگری لە دەستكاریكردن یان دەستبەسەرداگرتنی كرد.
دەشڵێت، دزی و خراپ مامەڵەكردنی بەردەوام زیانی بە وێنەی عێراق گەیاندووە لە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و نیگەرانییەكانی لای كۆمپانیا گەورەكان دروستكردووە كە سەردەمانێك ئارەزووی وەبەرهێنان و هاوبەشیكردنیان هەبووە، بەڵام ئێستا دوودڵن لە بەشداریكردن تا ئەو كاتەی دۆسییەكانی گەندەڵی و دزی پەیوەست بە كەرتی نەوت چارەسەر دەكرێن.
مالیكی دووپاتی كردەوە كە هێزە ئەمنییەكان و حكومەت لە بەرامبەر ئەو سەرپێچییانەدا بە توندی وەستانەوە و پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكومەت بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی بەشدارن و ئەوانەی لە پشتیانەوەیە ڕادەگەیەنێت.
